هەڵبژاردنی پێش وەخت چ لەدۆخی سیاسی عێراق دەگۆڕێت؟

پۆڵەتیك پرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەمەش وەك جێبەجێكردنی بەڵێنێكی ناوبراو دێت، كە بە خۆپیشاندەرانی عێراقی داوە، چونكە لەبنەڕەتدا هەڵبژاردنی پێش وەختە خواستی شەقامی توڕەی عێراقە.

هۆكاری خواستی شەقامی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە بە مەبەستی سڕینەوەی ئەنجامە خراپەكانی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018یە، لەپێناو كەمكردنەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دەستی دەرەكی و پڕكردنەوەی ناتەواوییەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا، بەڵام ئەمەش بێ كێشە نییە و كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورەی سیاسی و ئابووریی و یاسایی لە بەردەمدایە.

گرنگە پرسیاری ئەوە بكرێت، كە ئایا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخستە لەعێراق، چ لەدۆخەكەی دەگۆڕێت؟ هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەش گرنگە، كە ئایا هەڵبژاردن هاوكێشەی سیاسی عێراق دەگۆڕێت.

بە بڕوای عەدالەت عەبدوڵڵا نووسەر و رۆژنامەنووس تائێستا روون نییە هەڵبژاردن دەكرێت یان نا، بۆیە هەر قسەیەك لەسەر هەڵبژاردن دەچێتە چوارچێوەیەكی گریمانەیی.

عێراق لە سێ چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك ئاڵوگۆڕی سیاسی و جەماوەری بەخۆیەوە بینیوە

ئەو نووسەرە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: عێراق لە سێ چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك ئاڵوگۆڕی سیاسی و جەماوەری بەخۆیەوە بینیوە، پەیوەندی نێوان جەماوەر و هێزە سیاسییەكان پەیوەندییەكی ئاڵۆزە ئینتمای جەماوەر بۆ هێزە سیاسییەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەزموونی فەرمانڕەوایی لەعێراقدا بەگشتی ئەزموونێكە زیانی گەورەی لە پرۆسەی سیاسی و دۆخی ئابوری و دارایی و ژیان و گوزەرانی خەڵك داوە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت باڵانسی هێز وەك رابردوو نابێت، بەڵكو چەند ئەگەرێك لە ئارادا دەبێت یەكێك لەوانە دەركەوتنی هێزی نوێ لە گۆڕەپانەكەدا، كە دەیانەوێت تەرجومەی خواستی خەڵك و ئەو ناڕەزاییانە بكەن، كە لە عێراقدا روویانداوە و خۆیان وەك هێزی بەدیل بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق بخەنەڕوو لەلایەكی دیكە ئەگەری ئەوە هەیە بەشێك لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكان درزیان تێبكەوێت یان هاوپەیمانی نوێ بێتە كایەوە.

عەدالەت عەبدوڵڵا باسی لەوەش كرد، رەنگە لەهێڵی گشتیدا هێزە شیعییەكان هەر هێزی سیاسی سەرەكی بن لە پرۆسەی سیاسی عێراقداـ بەڵام ناونیشانەكان گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا دێت چ وەك گروپی سیاسی چ وەك كاراكتەری سیاسی رەنگە گروپ و كاراكتەری سیاسی نوێ بێنە كایەوە ئەگەر لەپێش هێزە تەقلیدییەكانەوە نەبن شانبەشانی ئەوان بن، ئەمەش دەرفەت ئەكاتەوە بۆئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا عێراق بچێتە بەردەم هاوكێشەیەكی سیاسی نوێوە، بەڵام ئەبێت بزانین فاكتەری یەكلاكەرەوەی ئەو ئاڵوگۆڕە پێشبینیكراوەی كەئەیڵێین بەندە بە رێژەی بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردن تا رێژەی بەشداری كردن زیاتر بێت ئەگەری گۆڕانكاری زیاترە.

ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت باڵانسی هێز وەك رابردوو نابێت

بەشێكی زۆری لایەنەكان وەك هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی لەگەڵ فرەبازنەیی نین‌و باس لەوەش دەكەن، كە نایانەوێت لەو وادەیەی دانراوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

هەرچی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدرە، كە یەكێكە لەكەسایەتییە ئایینی و سیاسییە دیارەكانی عێراق، كە فراكسیۆنەكەی لەپەرلەماندا گەورەترین فراكسیۆنە لەگەڵ فرە بازنەییدایە، كە ئەوانە بە ئاڵنگارییەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق دادەنرێت.

بە بڕوای دڵشاد نامق فەرەج مامۆستای زانكۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لە چەند ڕوویەكەوە كاریگەری دەبێت، لەوانە لەڕووی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەكان، كە خاوەنی میلیشیان و بەدڵنیایی لەئایندەیش پێگەی خۆیان واز لێناهێنن و هەر زاڵدەبن بەسەر دەوڵەتدا، باڵانسی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراقیش (شیعە-كورد-سونە) بڕواناكەم گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردابێت.

باڵانسی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراقیش (شیعە-كورد-سونە) بڕواناكەم گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردابێت

ئەو بۆ پۆڵەتیك پرێس وتیشی: تەنیا لەو ڕووەوە نەبێت، كە هێزە شیعییە خاوەن هاوسۆزەكانی ئێران ڕەنگە لەسەر ئاستی سیاسی هەندێك پێگەیان كەم ببێتەوە، كە ئەو هێزە شیعیانە لە پێشتر بن پەیوەندییە عەرەبییەكانیان بەهێزترە، سونەكانیش كە ئێستا وەك پێكهاتەی یەكگرتوو پوكاونەتەوە دەرفەتێكی باشە بتوانن سود لەو پشتیوانییە عەرەبییە وەرگرن كەهەیانە، بەڵام لەبەرئەوەی ناوچەكانیان بەتەواوی كاولبووە ولەڕوی سەربازیشەوە لەژێر هەیمەنەی میلیشیاكانی حەشد دایە، دەرفەتی بەهێزبوونەوەی گەورەیان كەمترە و زیاتر بوونەتە پاشكۆی هێزە گەورەكانی شیعە.

هەرچی كوردیشە وەك ژمارەی كورسی و ئاستی نوێنەرایەتی پێگەكەی پارێزراوە، بەڵام ئاستی قورسایی و ڕادەی كاریگەرییەكانی كورد لەبڕیاری سیاسی داهاتوی عێراقدا دەكەوێتە سەر ئاستی یەكگرتوویی گوتاری هێزە سیاسیەكان و ڕادەی تەباییان لەسەر ئاستی كوردستان وشێوازی ئیدارەدانیان بۆ دۆسییەكانی نێوان عێراق و هەرێم وچارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكان.

هەرچی كوردیشە وەك ژمارەی كورسی و ئاستی نوێنەرایەتی پێگەكەی پارێزراوە

ئەو مامۆستایەی زانكۆش هاوڕابوو لەسەر ئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتوو گریمانەی ئەوە هەیە هێزی سیاسی نوێ بێنە كایەوە، ئەمەش لەئەنجامی ناڕەزایەتیەكان و وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خۆپیشاندانەكان، كە ڕەنگە بەشێك لەهێزە سیاسیەكانی ئێستا پەرت وپارچە ببن، ئەگەرێكی وەهایش هەیە كە مستەفا كازمی قەوارەیەكی نوێ دروست بكات و بەشێك لە سەركردەی ناو حیزبەكانی كوردستانیش لەگەڵیدابن و ببنەبەشێك لەو قەوارەیە.

دڵشاد نامق باسی لەوەشكرد، ئەگەر هەیە نوێنەری عەشایەر و خاوەن نفوزە كۆمەڵایەتی و دینییەكان زۆرتر بگەنە پەرلەمان لەبەر سروشتی یاسای نوێی هەڵبژاردن، كە سیستەمی فەردی و براوەی یەكەمی چەسپاندووە.

ناوبراو نەیشاردەوە لەروِوی سیاسی وئەمنییەوە گۆڕەپانی عێراق لەلایەن میلیشیاكانەوە كۆنترۆڵكراوە وچاوەڕوان ناكرێت بتوانرێ هەڵبژاردنێكی پاك وبێگەرد ئەنجام بدرێت، وەحكومەت لەڕوی واقیعیەوە تەواو لاوازە لەبەرانبەر میلیشیاكاندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا