گۆتێرێس داوای لێکۆڵینەوە لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی غەززە دەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دەستبەجێ لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان بگەنە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کەرتی غەززە هەروەها هۆشداریدا لە کاردانەوەی مەترسیداری هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح کە لە باشووری کەرتی غەززەیە.

گۆتێرێس لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە لەم دواییانەدا لە غەززە دۆزرایەوە، کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە غەززە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل ٦ گۆڕی بەکۆمەڵیان لەناو نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە ئەنجامداوە، هەروەها تەرمی ٤٥٤ کەس دەرهێنراوەتەوە، لە سەرەتای شەڕەوە تائێستا.

زۆربەی ئەو تەرمانە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراون کە بەم دواییە لە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دۆزراونەتەوە.

گۆتێرێس وتی: زۆر گرنگە دەستبەجێ لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییە سەربەخۆکان بتوانن بچنە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە غەززە.

سەبارەت بە کاردانەوەکانی ئەو شەڕە، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە دۆخی خەڵک لە غەززە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە شەڕەکە سیستەمی تەندروستی تێکداوە و ئێستا هەندێک لە نەخۆشخانەکان لە گۆڕستانەکان دەچن.

گۆتێرێس داوای لە ئیسرائیل و سەرکردەکانی حەماس کرد کە بگەنە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.

گۆتێرێس پێشوازی لە گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە کرد، بەڵام دووپاتیکردەوە کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ ڕێڕەوی وشکانی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەربەستی سەرەکی لەبەردەم دابەشکردنی هاوکارییەکان لە سەرتاسەری غەززە، نەبوونی ئاسایشە بۆ تیمەکانی فریاگوزاری و هاوڵاتیانی مەدەنی، جەختیشیکردەوە کە نابێت کاروان و دامەزراوە مرۆییەکان و کەسانی پێویست بکرێنە ئامانج.

گۆتێرێس داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسرائیل کرد کە ڕازیی بکەن ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی لە ڕەفەح دەستپێنەکات.

ناوبراو وتی: هێرش بۆ سەر ڕەفەح کاریگەریی وێرانکەری دەبێت لەسەر فەلەستینییەکان لە غەززە و کاردانەوەی جددی لەسەر کەناری ڕۆژئاوا و تەواوی ناوچەکە دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا