عەین عیسا لە چاوەڕوانی زیاتر لە چارەنوسێکدا

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

رۆژی یەکشەممە، شارۆچکەی عەین عیسا لە پارێزگای رەقە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بووە مەیدانی روبەڕوبوونەوەی نێوان سوپای نیشتیمانی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کە دەسەڵاتی شارۆچکەکەیان لەژێر دەستتدایە و لەلایەن روسیاوە فشار دەخرێتە سەریان بۆ رادەستکردنەوەی شارۆچکە ستراتیژییەکە بۆ رژێمی سوریا.

لەوبارەیەوە، ئەحمەد خەلیلی چالاکوان باسی لەوە کرد، لە دەوروبەری باکور و رۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەین عیسا، پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپای نیشتیمانی سوریا و هەسەدە روویداوە و لەڕێی تۆپهاوێژ و رەشاشەوە ناوچەکە بۆردومانکراوە، وتیشی: فڕۆکە تورکییەکان ناوچەکەیان تەنیوە و بەجێیان نەهێشتووە، هاوکات، هاوکاری سەربازی گەیەنراوەتە دەستی سوپای نیشتیمانی سوریا لە ناوچەکە و پێشبینی دەکرێت لە سەعاتەکانی دواتر ئاڵۆزی زیاتر رووبدات.

هێرشەکانی تورکیا بۆسەر شارۆچکەی عەین عیسا بەشێکە لە سیاسەت و پلانی سەپاندنی ئایدۆلۆژیای ئەو وڵاتە لە ناوچەکە

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی نۆرس پرێس تایبەت بە هەواڵ لە زاری کینۆ گابریێل وتەبێژی هەسەدە رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر شارۆچکەی عەین عیسا بەشێکە لە سیاسەت و پلانی سەپاندنی ئایدۆلۆژیای ئەو وڵاتە لە ناوچەکە، وتیشی: ئەو پلانە تەنیا لە عەین عیسادا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو چەند گوند و ناوچەیەکی نوێش دەگرێتەوە کە دەکەونە بەشی رۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەین عیسا، ئەم پلانەش لەڕێی پێکدانانی نێوان سەربازانی بەکرێگیراو لەگەڵ هەسەدە جێبەجێ دەکات.

بەپێی قسەی چاودێران، هەتا ئێستا ئەمریکا دەستی وەرنەداوەتە ئەو پێکدادانەی لە عەین عیسا روودەدات، لەکاتێکدا پاڵپشتی سەرەکی هەسەدەیە، لەژێر رۆشنایی ئەم بێباکیەی ئەمریکا، روسیا و تورکیا هەوڵ دەدەن ناوچەیەکی زیاتری باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ بکەن.

لەوبارەیەوە، ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد رایگەیاند، هێرشەکانی تل تەمر لە حەسەکە و عەین عیسا، لەلایەن تورکیا و سەربازە بەکرێگیراوەکانی، ئامانج لیی داگیرکردنی رێژەیەکی زیاتری ئەو زەوییانەیە بە بێ ئەوەی رێککەوتنەکانی تایبەت بە ئاگربەست لەبەرچاو بگیرێت.

عەین عیسا لەنێوان دوو چارەنوسدا قەتیس ماوە، یان ئەوەتا رادەستی رژێمی سوریا بکرێتەوە یان لە دەستی هەسەدەدا بمێنێتەوە

موسلیم روسیای بە بەرپرسیاری ئەم هێرشانە لەقەڵەمدا و پێیوایە، بێدەنگی و بێ هەڵویستی روسیا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم هێرشانە پەسەند دەکات.

ئێوارەی شەممە پێشوو، بەشێوەیەکی نافەرمی سوپای نیشتیمانی سوریا رایگەیاند، پێکدادان لە عەین عیسا دەستیپێکردووە، هاوکات، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی، ئێوارەی شەممە، سوپای نیشتیمانی سوریا ژمارەیەک سەرباز و کەرەستەی سەربازی ناردە عەین عیسا، ئێستا ئەو ناوچەیە لەنێوان دوو چارەنوسدا قەتیس ماوە، یان ئەوەتا رادەستی رژێمی سوریا بکرێتەوە یان لە دەستی هەسەدەدا بمێنێتەوە.

هەتا ئێستا دیار نییە هەڵوێستی سوپای نیشتیمانی سوریا چی دەبێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەسەدە شارۆچکەکە رادەستی رژێم بکاتەوە و رزگاری ببێت لە روبەڕوبوونەوە لەگەڵ تورک و ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام چەند ئاماژەیەک هەیە، سوپای نیشتیمانی هەوڵ دەدات دەست بەسەر ئەو شارۆچکە ستراتیژییەدا بگرێت کە دەکەوێتە باکوری رەقە و بە یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی بەیەکگەیشتن لە ناوجەرگەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات دادەنرێت.

هەتا ئێستا دیار نییە هەڵوێستی سوپای نیشتیمانی سوریا چی دەبێت

مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، هەسەدە رێککەوتنی سەربازی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد، هەمان کاتیش روسیا و تورکیا رێککەوتنیان لەبارەی راگرتنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لە رۆژهەڵاتی فورات ئەنجامدا، ئەو رێککەوتنە ئازادی دایە تورکیا لەگەل روسیا لە گەڕە هاوبەشەکاندا بەشدار بێت.

عەین عیسا کە دەکەوێتە باکوری پارێزگای رەقە، لە ناوجەرگەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووباری فوراتدایە، ئەم شارۆچکەیە لەڕووی جوگرافییەوە بە یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەقەڵەم دەدرێت چونکە رێگای پێکەوەبەستنی زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ناوچەیەکە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەدوای روخاندنی داعش و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و چەند نوسینگەیەکی دیکەی ئیدارەی خۆسەریش لەو شارۆچکەیەدا بوونیان هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا