فڕۆکەی مەرگ؛ ئەو هەلیکۆپتەرەی سەرۆککۆماری ئێرانی تێدا لەناوچوو

وێنەی هەلیکۆپتەری Bell 212 کە رۆژی 19ی ئایاری 2024 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندەکەی هەڵگرتووە و لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان بۆ ئاسمان بەرزدەبێتەوە؛ چەند کاتژمێرێک پاش ئەم وێنەیە توشی رووداو دەبێت و سەرجەم سەرنشینەکانی گیان لەدەست دەدەن.

پۆڵەتیک پرێس

رۆژی یەکشەممە، بەمەبەستی راگەیاندنی پرۆژەی درووستکردنی بەنداوێک، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەیاوەری شاندێک کە پێکهاتبوون لە ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێران بەرەو پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە باکووری رۆژئاوای ئێران بەڕێکەوتن و لەکاتی گەڕانەوەیان فڕۆکەکەیان تێکشکا و سەرەنجام لە 9 سەرنشینی گەشتەکە، سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا و کەسیان رزگاریان نەبوو.

ئاژانسی تەسنیم-ی نیمچە فەرمیی حکومەتی ئێران زانیاریی لەبارەی ئەو فڕۆکەیەوە ئاشکراکرد کە سەرۆککۆماری ئێران لە گەشتەکەیدا بەکاریهێنابوو و مێژووی درووستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 50 ساڵ بەر لە ئێستا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی سوپای ئەمریکا، ئەو فڕۆکەیەی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێرانی تێدا تیاچوو، جۆری Bell 212ی ئەمریکییە ساڵی 1968 بۆ سوپای کەنەدا درووستکراوە، ساڵی 1971 خراوەتە خزمەتەوە  فڕۆکەکە درووستکراوی کۆمپانیای “بێڵ تێکسترۆن”ـی ئەمریکییە.

Bell 212 فڕۆکەیەکی یەک پەروانەیە و بۆ مەبەستی گواستنەوەی سەرنشین و سڤیل بەکاردێت و لە هەندێک شوێنیش بۆ مەبەستی بڵاوکردنەوەی سەرباز، گواستنەوەی بریندار و گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجیستیی سەربازی بەکاردێت. کۆپتەرەکە بە تیمی فڕۆکەوانەکانەوە، توانای هەڵگرتنی 15 سەرنشینی هەیە و بەرزترین خێرایی دەگاتە 190 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. هەروەها توانای بەرزبوونەوەی بۆ بەرزی 3 کیلۆمەتر و 169 مەتر هەیە.

هەرچەندە بەهۆی سزا سیاسی و ئابوورییەکانی سەر ئێران کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە بەسەریدا سەپێندراوە، ئەو وڵاتە ناتوانێت سوود لە هیچ کەرەستەیەکی تەکنەلۆجیی نوێی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت، ئەگەرچی ئەو فڕۆکەیە پێش روودانی شۆرشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1978 فرۆشراوە بەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستاش سوودی لێ دەبینێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ماتئیۆ میللەری وتەبێژەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باس لەوە کرد، پاش وونبوونی سەرۆککۆماری ئێران و هاوەڵەکانی، ئێران داوای هاوکاریی لۆجستی لە ئەمریکا کردووە بۆ دۆزینەوەی فڕۆکە تێکشکاوەکە و ئاشکراکردنی چارەنووسی سەرنشینەکانی. هەروەها باس لەوەشکراوە، ئەمریکا بە ئێرانی راگەیاندووە کە بەکارهێنانی کۆپتەرێک کە تەمەنی 50 ساڵ زیاترە لە دۆخێکی باراناویی و کەشێکی سەخت و نالەباری لەو شێوەیە کارێکی هەڵەیە و ئێران خۆی لە هەموو دەرئەنجامەکان بەرپرسیارە.

رۆژی 18ی نیسانی 2024، فرانسین ئۆگۆلا، سوپاسالاری کینیا و 10 لە هاوەڵەکانی کە بە هەمان فڕۆکە (Bell 212) لە رۆژئاوای نایرۆبی پایتەخت تووشی رووداوی کەوتنەخوارەوە بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.

Bell 212 بەهۆی زۆری ئەو رووداوانەی بەسەریدا دێت، لەلایەن بەشێک لە شارەزایانەوە بە فرۆکەی مەرگ ناودەبرێت و بەهۆی کۆنبوونی و نەبوونی تەکنەلۆجیای پێویست بۆ دەستنیشانکردنی شوێن و ئاراستەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەکە لە کاتە دژوار و سەختەکاندا، فڕۆکەکەی کردووە بە یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکان لە جیهاندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا