دوو قەیران ئابووری عێراق دادەڕمێنن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریخستووە، دابەزینێكی چاوەڕواننەكراو رووبەڕووی بودجەی گشتی عێراق دەبێتەوە، ئەوەش لەدوای كەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لەمساڵدا بەڕێژەی ٪١٠.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی چاككردنەوەی ئابووری عێراق لەدوای ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند راسپاردەیەكی پێشكەش كردووە لەنێویشیاندا، دابینكردنی گرەنتی كۆمەڵایەتی بۆ چینە هەژارەكان‌و زیادكردنی پارەداركردن بۆ بەرنامە سەرەكییە حكومییەكان‌و تایبەتكردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ كەرتە تایبەتەكان لە عێراق.

لەو بارەیەوە زینە عەلی ئەحمەد نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، سەرباری ئەو دۆخە ئەرێنییە داراییەی لەچەند ساڵی رابردوودا عێراقی پێدا تێپەڕی ،بەڵام دوو قەیرانی گەورە، كە ئەوانیش ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بوو كاریگەرییەكی گەورەی نەرێنییان لەسەر ئابووری عێراق دانا.

 

ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بوو كاریگەرییەكی گەورەی نەرێنییان لەسەر ئابووری عێراق دانا

 

راپۆرتەكە ئاشكرای كردووە، فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت لە عێراق زیاتر لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی رووبەڕووی هەژاری دەبنەوە بەتایبەتی ئەو كەسانەی داهاتیان كەمە و لە كەرتی ناڕێكخراودا كار دەكەن.

بەپێی راپۆرتەكە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ناوخۆیی عێراق لەساڵی ٢٠٢٠ بەڕێژەی ٪١٠ كەمبكات و كەمهێنانی بودجەش بەرزترین ئاست تۆماربكات بەجۆرێك رێژەكەی نزیكدەبێتەوە لە ٪٣٠ی كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی.

 

هەر ئەو كورتهێنانەش بوو، وای لە حكومەتی عێراقی كرد لەماوەی رابردوودا پەنا بباتە بەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی

 

هەر ئەو كورتهێنانەش بوو، وای لە حكومەتی عێراقی كرد لەماوەی رابردوودا پەنا بباتە بەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی عێراق.

راپۆرتەكە پێشنیاری پاڵپشتی كردنی كەرتی تایبەت دەكات، بەتایبەت ئەو كەرتانەی لە بەرهەمی نانەوتیدا كاردەكەن ئەوەش بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هاوكات داوا دەكات هەلی كاری زیاتر بدرێت بەو خێزانانەی، كە لە ئاستێكی نزمی داراییدان و داهاتێكی دیاریكراویان هەیە ئەوەش لەڕێی بەرفراوانكردنی بەرنامەی یارمەتی كۆمەڵایەتی.

نوێنەرەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەرنامەی گەشەسەندنی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانانی ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق لەجێبەجێكردنی ئەو راسپاردانەدا، بەمەبەستی زامن كردنی سەقامگیری ئابوری و پاراستنی ئەو كەسانەی زۆرترین پێویستیان بە پاراستن هەیە.

هەروەها بەپێی راپۆرتێكی میدیاكانی عێراق، ئاستی هەژاری لەوڵاتەكە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ كە رێژەی هەژاری لە وڵاتەكە ٪٢٠ بوو، بەڕێژەی ٪١١،٧ زیادی كردووە و لە ئێستادا رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە ٪٣١،٧.

 

ئەم داڕمانە ئابورییە نەك تەنیا عێراق، تەواوی وڵاتانی جیهانی گرتەوە

 

لەماوەی رابردوودا، رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و داخرانی بازاڕ و كەرتە بازرگانی و پیشەسازییەكانییەوە لەماوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دووچاری داڕمانێكی گەورەی ئابووری هاتووە.

ئەم داڕمانە ئابورییە نەك تەنیا عێراق، تەواوی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، بەتایبەت لەدوای داخستنی دەرگا بازرگانی و پیشەسازییەكان لەنێوان وڵاتانی جیهان و مانەوەی بەرهەم و كاڵاكان و ساغنەكردنەوەیان لە بازاڕەكانی جیهاندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا