موچەی فەرمانبەرانی عێراق گرەنتیکراو نییە

پۆڵەتیک پرێس

ئەندام پەرلەمانێکی عێراق رایگەیاند، دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی داهاتوو هەتا ئێستا گرەنتی نەکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەحمود زەجراوی ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند، حکومەت بۆ دابینکردن و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران، پشت دەبەستێت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان دووچاری هەندێک رەخنە و رەتکردنەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان ناتوانێت دەنگ بە پڕۆژە یاسای قەرز بدات هەتا ئەوە نەزانێت کە پارەی قەرزی پێشوو لەکوێ خەرجکراوە و بەرەو کوێ چووە، وتیشی: پێویستە داتا و زانیاری فەرمی لەبارەی قەرزی پێشووەوە بدرێتە پەرلەمان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی ئەم مانگە، مانگی داهاتووش موچەی فەرمانبەران دوابکەوێت.

بەشێوەیەکی گشتی، لە رۆژی ١٥ی هەموو مانگێک هەتا ٢٦ی هەمان مانگ موچەی فەرمانبەران لە عێراق دابەش دەکرێت، بەڵام مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار بەهۆی قەیرانی داراییەوە موچەی فەرمانبەرانی عێراق نزیکەی ٥٠ رۆژ دواکەوت.

لەماوەی مانگی ئەیلولی رابردوو، داهاتی فرۆشتنی نەوت گەیشتە سێ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە پێنج ملیار دۆلارە بۆ دابین کردنی موچەی چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار فەرمانبەری وڵات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا