شوێنەوارەكانی كوردستان لەژێر رەحمەتی تیمەكانی كنە و پشكنیندا

پۆڵەتیك پرێس:
ساڵانە چەندین تیمی بیانی دێنە هەرێمی كوردستان و لە ژێری ناوی توێژینەوەی زانستی، كنە و پشكنین لەشوێنەوارەكانی هەرێمدا دەكەن، مێژوونووسێك دەڵێت: شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسیدان، چونكە ئەو تیمانەی كە دێن لەرێگای پەیوەندی كەسییەوە دێن و بەشێوەی زانستی كارناكەن لەشوێنەوارەكاندا، بەڵكو بە ویستی خۆیان و بۆ كاری خۆیان كاردەكەن.

بەقسەی حەسەن مەحمود حەمە كەریم مێژوونووس و گەڕیدەی شوێنەواری، شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی گەورەدان بەدەست ئەو تیمانەی بەناوی توێژینەوەی زانستییەوە كاری كنە و پشكنین ئەنجامدەدەن، چونكە بەشێوەی زانستی كارەكان ناكەن و هاوكات دەڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆیان بەشێك لەو شوێنەوارانەی دەیدۆزنەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەن و نایگەڕێننەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم.

 

بەڵگەم لایە لە چەندین ناوچەی شوێنەواری، لەلایەن كەسانی نەناسراو پارچە شوێنەوارییەكان دزراون و براون

 

ئەو مێژوونووسە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: جگە لەو تیمانەی كاری توێژینەوە دەكەن، بەڵگەم لایە لە چەندین ناوچەی شوێنەواری، لەلایەن كەسانی نەناسراو پارچە شوێنەوارییەكان دزراون و براون، بۆ نموونە لە ناوچەیەك ئەو كەرەستە و ئامێرانەی بۆ دۆزینەوە و هەڵكەندنی ناوچە شوێنەوارییەكە بەكارهاتوون بەهای 3000 هەزار دۆلاریان هەبووە، كاتێك پارچە شوێنەوارییەكانیان دۆزیوەتەوە سەرجەم ئامێرو كەرەستەكانیان بەجێهێشتووە، كەواتە دەبێت ئەو شوێنەوارانە چەند بەنرخ بووبن، كە بەبڕی 3000 دۆلار ئامێر و كەرەستەیان جێهێشووە دوای دۆزینەوەیان.

لەچەند رۆژی رابردوو لەناوچەیەكی هەرێمی كوردستان درێژترین قەڵای لە كوردستان دۆزراوەتەوە، كە دیواری قەڵاكە 60 كم درێژە لە هەندێك شوێندا 4 مەتر بەرزە، مێژووەكەشی بۆ 3000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئەو مێژوونووسە، ئامادەنەبوو شوێنی شوراكە ئاشكرابكات و مەترسی خۆشی نەشاردەوە، لەوەی شوێنەوارەكە بارچەی لێبرێت‌و وتیشی: ئەو شورایە لەشوێنەوار تۆمارنەكراوەو لە داهاتوودا ئاشكرای دەكەم كەوتووەتە چ ناوچەیەكەوە.

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر ناوچەی شوێنەواری هەن، كە تا ئێستا دۆزراونەتەوە و مێژووی هەندێكیان بۆ زیاتر لە 5000 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەو شوێنەوارانە لە چەندین چین پێكهاتوون، كە هەر چینە و گوزارشت لەقۆناغێكی مێژوویی دەكات.

هاشم حەمە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی لەبارەی شوێنەوارەكان دەڵێت: ئەو تیمانەی دێن بۆ كنە و پشكنینی ناوچە شوێنەوارییەكان بە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دێن و كارەكانی خۆیان دەكەن، كە دەگەڕێنەوە هیچ پارچە شوێنەوارێك لەگەڵ خۆیان نابەن.

هاشم حەمە عەبدوڵڵا بۆ پۆڵەتیك پرێس دەشڵێت: ئەو تیمانە نایەن تا خۆیان تووشی گرفتی یاسایی بكەن، هەر پارچە شوێنەوارێك یان لەتە كوپەیەك یان ئێسك و پروسكێك بدۆزنەوە رادەستی لایەنی پەیوەندیداری دەكەن، ئەوەی دەیبەن بۆ دەرەوەی هەرێم بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ نموونە، یان هەندێك خۆڵە یان لەتە كوپەیەك یان ئێسكێكە ئەمانەی زۆر گرنگ نین زۆرجاریش دوای توێژینەوەكە دەیگەڕێننەوە بۆمان.

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئەو تیمانەی دێن دوای كارەكەیان چەند پارچەیان بوێت لەگەڵ خۆیان بیبەن ئێمە چەند رۆژێك پێش گەڕانەوەیان نووسراوی فەرمییان بۆ دەكەین و ئەو پارچانەی دەیبەن لەگومرگی فڕۆكەخانە دایدەنێین بۆئەوەی شتی زیاد لەگەڵ خۆیان نەبن، لەشوێنی كاركردنیش نوێنەری خۆمانیان لەگەڵدایە لە كاتی كنە و پشكنین هەر چیەەك بدۆزنەوە رادەستی ئەو نوێنەرەی دەكەن.

 

ئەو تیمانەی دێن دوای كارەكەیان چەند پارچەیان بوێت لەگەڵ خۆیان بیبەن ئێمە چەند رۆژێك پێش گەڕانەوەیان نووسراوی فەرمییان بۆ دەكەین

 

ساڵانە تیمی زانكۆكانی وڵاتە جیاجیاكانی جیهان دێنە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی توێژینەوە لەسەر ناوچە شوێنەوارییەكان لەوانە تیمی زانكۆكانی ئەڵمانیا فەرەنسا بەریتانیا پۆڵەندا ئەمریكا و ئیسپانیا و وڵاتانی تر.

هاوار نەجمەدین هەواس خوێندكاری دكتۆرا لە بواری شوێنەوار لەبارەی كاری ئەو تیمانە دەڵێت: ئەو تیمانە دێن گرێبەستێك لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكەن و كارەكانیان لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەدایە، بەڵام لە شێوەی كاركردنیاندا بەشێك لە شوێنەوارەكان زیانیان بەردەكەوێت، چونكە ئەوان بۆ مەبەستێكی دیاری كراو دێن زۆرجار لەكاتی كاركردن پێویستیان بەچینێكی دیاری كراوە و چینەكانی تر فەرامۆش دەكەن، ئەمەش بەشێوەیەكی رێژەیی زیان بەو چینانەی دیكە دەگەیەنێت، بەڵام هەندێكیان كە كاردەكەن هەموو چینەكان دەپارێزن.

ئەو خوێندكارە بۆ پۆڵەتیك وتیشی: لای ئێمە زۆر كار لەسەر دەرەنجامی كاری ئەو تیمانە ناكرێت لەلایەن زانكۆكانمانەوە یان بەڕێوەبەرایەتیەكانی شوێنەوار، ئەمەش وادەكات ئەو كارەی ئەو تیمانە ئەنجامی دەدەن تەنها سودی بۆخۆیان هەبێت نەك بۆ زانكۆكانی ئێمە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا