بۆچی ناهەقیتان بەرامبەر یانەی نەورۆز كرد؟

ماوەی دوو ڕۆژە كۆبوونەوەی یەكتر ناسینەكەی نێوان ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بەڕێوەچووە كە بە فەرمانی سیاسییەكانی هەردوو حیزب ئەنجام درا پاش ئەوەی ئەندامانی زۆنی سەوز ئامادە نەبوون گوێ‌ بە داواكاری وەرزشكاران بدەن لە بەرامبەردا ئەندامانی زۆنی زەرد بە واژووی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانەوە گوێیان بۆ داوای وەرزشكاران گرت، بەڵام دواجار فەرمانی حیزب ئەندامانی زۆنی سەوزی ناردەوە بۆ ئەودیو سنوری بەرزەخی دێگەڵە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو من لەگەڵ چەندین وەرزشكاری سلێمانی و هەولێر و شار و شارۆچكەكانی تر قسەم كردووە و بەردەوامیشین لە قسە كردن و نووسینی تریشم دەبێت خاڵی سەرەكی گفتوگۆكانی من یەك شتە (كێ‌ غەدری لە یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی كرد؟) كێ‌ وای كرد ئەو یانەیە پاڵەوان بوونەكەی ئاوهای لێ‌ بكرێت؟ چەندین جار من هاوارم بۆ دۆخی ئەو یانەیە كردووە كۆمەڵێك چەورە و مشەخۆر هەستاون بە دروست كردنی پەیجی زۆڵ و بێ‌ دایك و باوك و چەندان و چەندان هێرشی توند و ناو بەجێ‌ و ناشرینیان كردۆتە سەرم، بەڵام ئەنجام هەر بۆچوونەكەی من ڕاست بووە … ئێستاش من نووسینەكەم ئاراستەی ئیدارەی یانەی نەورۆز دەكەم ئایا ئێوە ئەم پاڵەوان بوونەتان قبوڵە بەڕێزان؟ ئایا ئەمەی ڕووی دا پاڵەوان بوونە یان سوكایەتی یە بە یانەی نەورۆز و ئەو هەموو هەوڵ و كۆشش و ماندوو بوونەی ئیدارە و دەستەی هونەری و یاریزانان؟ ئایا ئێوە پاڵەوانن؟ ئەگەر پاڵەوانن بۆچی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بە دەمی دا نایەت پیرۆزباییتان لێ‌ بكات؟ ئەی بۆچی لە پەڕاوی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان جێگیر نەكراو بڵاو نەكرایەوە؟ كێ‌ هەڵەی دەرهەق بە یانەكەتان كرد و ئێستاش ئێوە باجەكەی دەدەن؟ واتای چی تۆ پاڵەوانیت كەسێك پیرۆزباییەكی ڕەسمیت لێ‌ ناكات؟ خۆ یانەیەكی موسڵیش بیت لەوە زیاتریت بۆ دەكرێت كە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كردی ئامادەیی تیادا نەبوو بیشیڵێت وتی با جێگرەكەم خۆی بیڵێت ئەویش لە ژێر لێوەوە و بە ترس و لەرزەوە وتی: (هەروەك ئەوەی باسمان كرد لە یەكەم بۆ سیازدەهەم چۆن بوو هەر وا) ئەی باشە یانەی 14 كە ئاراراتە خێرە هێنرایەوە ناو هاوكێشەكە.

لای من ئێستا یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی پاڵەوانی كوردستانە و دەبێت ڕێز لە پاڵەوان بوونی یانەی نەورۆز بگیرێت و خەڵات و قەڵغانی خولی نایابی بدرێتێ‌ نەك وەك ئەوەی جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان وتی: (هیچ یانەیەك جام وەرناگرێت) نەخێر ئێستا من داوا لە ئیدارەی یانەی نەورۆز دەكەم وەك ڕێزێك بۆ ناوی یانەكەیان وەك ڕێزێك بۆ ماندوو بوونی ڕاهێنەر و یاریزانانیان وەك ڕێزێك بۆ هاندەرانیان داوای مافی خۆیان بكەن ئەوەتا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەڵێت پاڵەوانن كەواتە دەبێت مافی خۆتانتان بدەنێ‌ ئێوەش ئیتر بزانن كێ‌ قوڕەكەی خەست كردەوە بۆتان و لێی قبوڵ مەكەن.

باشكاتب/ دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا