پۆڵەتیك پرێس
لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێم بایكۆتی پرۆسەكەكراو مامۆستایانی ناڕازی جەخت لەوە دەكەنەوە، تاوەكو داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێت دەست بەخوێندنی ئەمساڵ ناكەنەوە.
داواكاری سەرەكی مامۆستایان دابینكردنی مووچە لەماوەی 30 رۆژو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینە، داواش دەكەن حكومەت لەوە زیاتر داواكارییەكانیان پشگوێ نەخات.
بەشێك لە مامۆستایانی بەشداربوونی گردبوونەوەكە بەپۆڵەتیك پرێسیان راگەیاند، “هاتوین داوای مافی خۆمان دەكەین داوا دەكەین موچەمان پێبدرێت، زوڵمان لێكراوە و نابێت چیتر بێدەنگ بین”.
ئاماژەیان بەوەشدەكرد، بەبێ ئەوەی پرس بە پەرلەمان بكرێت بەشێك لە مووچەكانیان بڕراوە.
“هاتوین داوای مافی خۆمان دەكەین داوا دەكەین موچەمان پێبدرێت، زوڵمان لێكراوە و نابێت چیتر بێدەنگ بین”.
چەند رۆژێك لەمەوبەریش یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش پاڵپشتی خۆی بۆ داواكارییەكانی مامۆستایان دەربڕی و بەپێویستیزانی پەلە بكرێت لەجێبەجێكردنیان.
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەك یەكێتی مامۆستایان پشتگیری لە جێبەجێكردنی داواكارییە رەواكانی مامۆستایانی هەرێم دەكەن،
ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵی خوێندن دەبێت لەناو پۆلەكانی خوێندن دەستپێبكات و سیستمی ئۆنلاین رەتدەكەنەوە، هەروەها دەبێت موچە لە 30 رۆژ جارێك دابەش بكرێت، “چەندینجار لەگەڵ حكومەت و بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا گفتوگۆمان كردووە و یاداشتمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان گفتوگۆش بەردەوامی دەبێت تا ئەوكاتەی مافە سەرەتاییەكانی مامۆستایان دابیندەكرێت”.
داواكاری سەرەكی مامۆستایان دابینكردنی مووچە لەماوەی 30 رۆژو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینە
لەكاتی دەستپێكی پرۆسەی خوێندنیشدا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پاڵپشتی خۆی بۆ داواكاری مامۆستایان دەربڕی و رایگەیاند، لەچوار ساڵی رابردودا پشتیوانی داواكاری مامۆستایانی ناڕازی بوون و ئێستاش پشتوانیان دەبن.
لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاش ئاماژە بەوە دەكەن لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن تاوەكو مافە سەرەتاییەكانی مامۆستایان جێبەجێ بكرێت.
راهی رەهبەر ئیبراهیم ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “لەگەڵ داواكاری مامۆستایانداین و ئەو سیستمی خوێندنەش لە هەرێمی كوردستان بەهیچ جۆرێك لەبارنییە و ناگونجێت ناكرێت پرۆسەیەكی وەها گەورە بەوشێوەیە دەست پێبكات”.