قەیرانی باڵۆن.. مێژووی ڕوبەڕوبوونەوە سیخوڕییەکانی نێوان ئەمریکا و چین

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەریەکە لە دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا و چین لە رکابەری بەردەوامدان بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی یەکتر و پاراستنی نهێنییەکانی خۆیان، لەماوەی دەیەکانی ڕابردووشدا چەندین کردەوەی سیخوڕییان بەرامبەر بە یەکتر ئەنجامداوە.

نوێترین هەوڵی سیخوڕیش بە وتەی ئەمریکا ئەو باڵۆنە “سیخوڕییە”یە کە لە ئاسمانی ئەمریکادا دەفڕی و ئەمریکا بە سیخوڕیکردن تۆمەتباری کرد، ئەوەبوو دواتر وەزارەتی دەرەوەی چین ئەم دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە باڵۆنەکە مەدەنییە و بۆ بواری توێژینەوە بەکاردێت، بەتایبەتیش لە بواری کەشناسی.

بنکەی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان کە بارەگاکەی لە واشنتنە، لە ساڵی 2000ەوە تا ئێستا نزیکەی 160 حاڵەتی سیخوڕیی چینی دەستنیشانکردووە کە دژی ئەمریکا ئەنجامیداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بنکەیە، %42ی ئەو سیخوڕییانە فەرمانبەرانی سەربازی و حکومی چینیی کردوویانە، %32ی هاوڵاتییانی چینی بوون و %26یشیان کەسانی بەدەر لە چینییەکان بوون، بەگشتی ئەم کەسانە ئەمریکی بوون و لەلایەن بەرپرسانی چینەوە ئاراستەکراون.

ئەمریکا لە ساڵی 2000ەوە تا ئێستا نزیکەی 160 حاڵەتی سیخوڕیی چینی دەستنیشانکردووە

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی پێگەی “The Atlantic”ی ئەمریکی، هەواڵگری ئەمریکا و چین چەند دەیەیەکە خەریکی ئەم رکابەرییەن، بەڵام ئەوەی لەم دواییانەدا دەبینرێت ئاماژەیە بۆ گەشەسەندنی جەنگی هەواڵگری نێوانیان و چین هەوڵی زیاتری خستووەتەگەڕ تا زانیاری لەسەر ئەمریکا دەستبکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکا باس لەوە دەکات، زۆرێک لە دۆسیەکانی سیخوڕیی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا ناکرێن، دەشڵێت، بەدەگمەن هەندێک دۆسیە دەخرێنەبەر دادگا، چونکە زۆرینەی دۆسیەکان نهێنین و ناتوانین سەرکێشیان پێوەبکەین، بەڵکو هەندێک جار لەڕێی ئامرازی دیکەوە یەکلاییان دەکەینەوە.

جەنگی هەواڵگری نێوان ئەمریکا و چین لە ئێستادا ئامانجە سەرەکەییەکەی ئەوەیە هەردوولا ڕکابەرییانە تا ببنە جەمسەری باڵادەستی جیهان، جەنگەکەیان لەڕێی کەرەستەی ڕۆتینی و پیشکەوتووەوە ئەنجام دەدەن و هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەنەسەر داتابەیسی کۆمپانیا حکومییەکانی یەکتر بەمەبەستی دەستکەوتنی زانیاری و نهێنییە بازرگانییەکانیان لە بواری کەرتی تایبەت، دواتر سەرمایەدارییەکانیان بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە زانیارییە هەستیارەکان و کردنەئامانجی زانکۆ و دامەزراوەکانی تایبەت بە توێژینەوە لە هەردوو وڵات.

دیارترین دۆسیەکانی سیخوڕی چین بۆسەر ئەمریکا

-لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2005 چەند کارمەندێکی هەواڵگری چینیی زانیارییان دەستکەوت لەبارەی تەکنەلۆجیای کەشتییە جەنگییەکانی ئێستا و داهاتووی دەریاوانیی ئەمریکا و هەوڵیان دا ئەم زانیارییانە بنێرن بۆ چین.

-لە نیسانی ساڵی 2006 هاککەرانی چین توانیان تۆرەکانی ناسا هاکبکەن و زانیاری لەبارەی بەرنامەی کەشتی بۆشایی ئاسمانی “دیسکەڤەری” دزەپێبکەن.

-لە حوزەیرانی ساڵی 2007 هاککەرانی چینی پڕۆژەیەکی پنتاگۆنیان هاککرد و زانیارییەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-35یان دزەپێکرد.

-لە مانگی ئایاری ساڵی 2008 چینییەکان هەستان بە دانانی بەرنامەی سیخوڕیی لەناو لاپتۆپی تایبەتیی کارلۆس گوتێرێس، وەزیری پێشووی بازرگانی ئەمریکا لەکاتی مامەڵەیەکی بازرگانی.

-لە ئابی 2012، جێری لی، بریکاری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا “سی ئای ئەی” هەوڵیدا زانیاری نهێنی لەبارەی چالاکییەکانی سی ئای ئەی لەناو چین بداتە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر بە 19 ساڵ زیندانیی سزادرا.

-لە ئابی ساڵی 2020 ئەلێکساندەر ما، بریکاری پێشووی سی ئای ئەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە بەرژەوەندی چین دەستگیرکرا، گوایە زانیاری نهێنی و هەستیاری پیشکەش بە هەواڵگری چین کردووە.

-لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، وەزارەتی دادی ئەمریکا هەڵمەتێکی ئاشکراکرد کە بە گەورەترین کردەوەی سیخوڕی ناویبرد و حکومەتی چین بە بەشداری 13 کەس هەوڵی ئەنجامدانی دابوو، 10 لەو کەسانە ڕاستەوخۆ بۆ بەرژەوەندی چین کاریان دەکرد، کاری ئەم کەسانە رفاندن و بەقاچاغبردنی کارمەند و کەلوپەلی دامەزراوە ئەمریکییەکان بوو.

لە ئێستاشدا ناکۆکییەکانی ئەمریکا و چین لە بەرزترین ئاستیدایە، هەر بەهۆی دۆسیەی باڵۆنەکەی چینەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بڕیاربوو لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی چین بکات، سەردانەکەی هەڵوەشاندەوە، لە ئێستاشدا ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو دۆسیەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا