هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟

بە پێچەوانەی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو گۆڕنكارییە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەكانی ئەم دواییە هیچ لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان نابیندرێن، تەنانەت شەڕی روسیا- ئۆكرانیاش بەزیان بۆ كورد شكاوەتەوە. نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی یەكە بە یەكەی ڕووداو و فاكتەرە نەرێنیەكانی ئەو هەڵومەرجانە بكەم، بەڵام بە ڕامان لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەندێ پێشهات و وێنەی وا تلخمان نیشان دەدەن كە جێگای نیگەرانی و بێ ئومێدین.

مێژووی گەلان پێمان دەڵێ كاتێك هەڕەشە دەرەكیەكان نزیك بوونەتەوە ئەوان بەیەكگرتوویی وەڵامیان داوەتەوە، ئەزموونی سیاسی خۆشمان ئەوەی سەلماندوە هەر كاتێك گەل و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان یەك بووبن، نەك هەر توانیومانە بەرگری لە خۆمان بكەین، بگرە سەركەوتنی گەورەشمان تۆمار كردوە.

كێ لەم بارودۆخە بەرپرسیارە و كێ بەرپرسیار نییە، كێ ئۆباڵی پتری دەكەوێتە ئەستۆ و كێ كەمتر بابەتی ئەم باسە نین، بەڵام لە كاتێكدا ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە بووینەتەوە، كە ئاماژەكان پێمان دەڵێن هەڵومەرج و كات لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نین!

دەیان ساڵە گەلی كوردستان لە پێناوی مافەكانی خۆی قوربانی دەدات و سەری زمان و بنی زمانی سیاسیەكانیشمان ئەوە بووە كە دوژمنان و داگیركەران مافەكانمان ناسەلمێنن و لە جیاتی دیاڵۆگ بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵیشە ئێمە دەرفەتێكی مێژووییمان بۆ ڕەخساوە، كەچی خۆمان لە پیادەكردن و وەدەستهێنانی ئەو مافانەش بوار دوە كە دەوڵەت و دەستوری عێراق بۆیان سەلماندووین، نموونەی دەستوری هەرێمی كوردستان!

ئێمە لە پێناوی دیموكراسی و ئازادی قوربانی گەورەمان داوە، كەچی كەس دەستی نەگرتووین لە جیاتی (بەر تەسككردنەوە) ڕۆژ بە ڕۆژی پەرە و گەشەیان بەو مافە بنەڕەتیانەی مرۆڤ بدەین و نموونەیەك پێشكەش بكەین كە ئەوانی تریش ناچاربن چاومان لێ بكەن.

بابەتی جێی رەخنە زۆر و گەورەن، بەڵام ئێستا كار گەیشتۆتە سەر ئەوەی نزا بكەین لەوە خراپتر نەقەومێ، چونكە نەك هێشتا كەلچەر و نەریتی دیموكراسی لە كوردستان جێگیر نەبووە، بەڵكو پێكهاتەی هێزە چەكدارەكان بەجۆرێكە كە ناكرێ لەم قۆناغەدا دڵنیابین كە لە ئەنجامی ململانێی توند بارودۆخەكە بە ئاقارێكی خراپتردا ناڕوا.

ئێستا ململانێكی توند لە نێوان (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) هەیە و ئێمە دەزانین ئەوە لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوەیەكی دوور و درێژە و هۆكارەكانیشی لامان ڕوونن، بەڵام لە پێناوی دیالۆگ و گەیشتن بە رێككەوتنێكی نیشتیمانی بە پێویستی نازانین پەنجە لەسەر هەموو كەمو كورتیەكان دابنێین، ئەوەی هەیە دەڵێین پێویستە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاكان خۆمان لە بەرپرسیاریەتی نەدزینەوە و هەموو لایەنەكان بە (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) و حزب و ڕێكخراوە كوردستانیەكانی تریشەوە هەر لایەك بەپێی قەبارە و هێز و توانای خۆی ئۆباڵەكە لە ئەستۆ بگرێ، دەنا ناگەینە ئەنجامێكی باش.

بەڵی هەلومەرجەكان نالەبار و جێگای نیگەرانیشن، بۆیە خەمساردی و كات كوشتن لەبەرژەوەندیی هیچ كەس و لایەنێك نییە.
هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەرەكی و ناوخۆیین، ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا قەیرانەكان چارەسەر نەكەین ئەوا بێگومان ناتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە كەسێك هەبێ بڵێ قەوارەی هەرێم مەترسی لەسەر نییە لێی تێناگات یان ڕاست ناكات.

ئارێز عەبدولڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا