مام له‌ شام

لانكەی لۆجستی شۆڕشی نوێ

هەروەكو چۆن، شام لانكەی سیاسی لە دایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بەهەمان شێوە پشت و پەنای یەكێتی بوو لەڕووی سیاسی و ماددی و سەربازییەوە، قامیشلۆ و دێریكیش دوو لانكەی لۆجستی بوون، كە ئامێزیان بۆ ئامادەكاریی سەرەتایی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ كردەوە، هەر لە كردنەوەی بارەگا و شوێنی مەشق بۆ پێشمەرگە و پێشوازی لە چەكدار و خۆبەخشانی یەكێتی، ئەمە چ جای دابینكردنی جێ و رێ بۆ ئاوارە و كادرانی سیاسی، هەر لەو دوو شارەوە یەكەم پریشكی ئەو شۆڕشە دەستیپێكرد، كە دواتر هەموو چیاو دۆڵەكانی كوردستانی گرتەوە.

 

قامیشلۆ و دێریك ئەو پردە بوون، كە یەكەم مەفرەزەكانی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنییەوە لێیەوە پەڕینەوە بۆ كوردستان، حزبی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریاش، پێشەنگی ئەو لایەنانە بوو كە بەرپرسیارێتی ئەو ئەركەی گرتەئەستۆ و ماڵی ئەندام و هەوادار و دۆستانی ئەو حزبەش كراوە بوو بۆ ئەندام و كادرانی یەكێتی.

 

مام جەلال توانی ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی كوردی سوریا بە لای یەكێتییدا رابكێشێت، بەتایبەتی ئەو خوێندكارە كوردە سوریایانەی لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە ئەوروپا دەیانخوێند.

 

پاڵپشتی گەورە لە یەكێتی

لە راستیدا ئەو پاڵپشتییەی كوردی سوریا لە شۆڕشی نوێیان كرد، لەو ئاستەدا نەوەستا، بەڵكو گەیشتە ئەوەی، دەیان هاووڵاتی كوردی ئەو بەشەی كوردستان بچنە نێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، لە نموونەی دكتۆر عومەر شێخمووس (ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر)، مامۆستا یوسف زۆزانی كەسایەتی سیاسی ناودار، لەپاڵ چەندین كەس و گروپی تر كە چوونە ناو ریزەكانی پێشمەرگە و بەشدارییان لەشەڕەكانیشدا دەكرد دژ بە رژێمی بەعس، بەشێك لەوان شەهید بوون لە نموونەی (عەزیز چەركەس و حسێن ئەحمەد (عامودا)، شێخموس ئیبراهیم ئەحمەد (قامیشلۆ)، خالید خەلیل (عەفرین)، عەبدولحەمید تەحلۆ (دێرك) و چەندانی تر،  سەرەڕای ئەوەش بەشێكی تریان بەشداربوون لە گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ شۆڕشی نوێ لە رێگەی سنوورەكانەوە، وەكو (بورهان موراد، محەمەد موراد و كەنعان مستەفا…هتد).

 

مام جەلال- یش توانی ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی كوردی سوریا بەلای یەكێتییدا رابكێشێت، بەتایبەتی ئەو خوێندكارە كوردانەی سوریا كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە ئەوروپا دەیانخوێند، لە نموونەی (عومەر شێخمووس و یوسف زۆزانی و جومعە سەعید و ئیبراهیم نایف پاشا و محەمەد نایف پاشا…هتد)، كە لەكاتی ئامادەبوونی مام جەلال لە كۆنگرەی یەكێتیی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا پەیوەندیی لەگەڵیاندا دروستكرد، ئەوانیش سەرسام بوون بە بیركردنەوەی واقیعیانە و كەسایەتی كارێزمایی مام جەلال.

 

لە دیدارێكی عەبدولڕەحمان یوسف میرانی، كە ئەیاز هەركی لەگەڵیدا كردووێتی، (شەلاش نایف پاشا)ش بۆ منی پشتڕاست كردەوە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا وتی: ئیبراهیم و محەمەدی كوڕانی نایف پاشای سەرۆكی عەشیرەتی میران لە ناوچەی میران و كۆچەرا،  كە لە هەوادارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، ئەوكات لە ئەوروپا دەیانخوێند و پەیوەندیی باشیان لەگەڵ مام جەلال-دا هەبوو و سەرسام بوون بە بیروبۆچوونەكانی سەبارەت بە شۆڕش، ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ پاڵپشتی خەڵكی ناوچەی میران و گوندەكانی ناوچەی دێریك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان).

مەشق پێكردنی كادران

ئەوكات عەبدولڕەزاق عەزیز میرزا (فەیلی) لە قامیشلۆ بەرپرسی پێشوازی و رێكخستنی ئەو كەسانە بوو كە لە كوردستانی عیراقەوە دەهاتن، كە زۆربەیان لەو ئاوارانە بوون كە بە زۆر دەركرابوون لە گوندەكانی خۆیان لەسەر سنوور و  رژێمی سەدام دەستی بە تەعریبكردنیان كردبوو، نەقیب ئیبراهیم عەزۆ و ژمارەیەك لە هەڤاڵەكانی، چەكداریان لەنێو ئەو ئاوارانەدا هەڵدەبژارد و مەشقیان پێ دەكردن، عەبدولڕەزاق فەیلی لە دیدارێكیدا لەگەڵ سایتی PUKMEDIA دەڵێت: نامەوێت هەقی كەس بخۆم، هەروەها نامەوێت خۆم لە رۆڵی گەورەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ لابدەم كە گیانبەختانە كاری دەكرد، هەروەها رۆڵی فەرهاد شاكەلی و ئیبراهیم عەبد عەلی گرنگ بوو لە هەڵبژاردن و پەروەردە و مەشق پێكردنی بەشێك لەو گەنجە شۆڕشگێڕانەی كە ئاوارە ببون لە عیراق، هیچ كەسێكی ئەوكاتەش ناتوانێت رۆژێك لەرۆژان  شەهیدان، عەبدولڕەحمان سنگالی و عیزەت سەنگالی و قاسم محەمەد عەلی و عەبدولجەبار عەبدولغەنی و سولاقا تۆما و ئەوانی تر لەبیر بكات، كە بوون بە یەكەم مەشخەڵی شۆڕشی نوێ.

 

نەوشیروان مستەفا-ش ئەوكات لەگەڵ فەرهاد شاكەلی و عەلی خان سندی و ئیبراهیم قوربان لە بارەگای دێریك بوو، سەرپەرشتی چالاكییەكانی پێشمەرگەكانی شۆڕشی نوێیان دەكرد، كە رۆژانە بەرەو ناوچەی جەزیرەی بۆتان و باشووری كوردستان دەپەڕینەوە، رێبوار ساڵح لەسەر زاری عادل شكور لەو دیدارەی لە كتێبی (الگریق إلی الحریە: سیرە الشهید القیادی إبراهیم عزو..) لەگەڵیدا كراوە، دەڵێت: ئەوكات هەریەك لە مام جەلال و كاك نەوشیروان و دكتۆر فوئاد

مەعسوم و شەهید مولازم سەید كەریم و شەهید مولازم حەسەن خۆشناو و مولازم فوئاد و مولازم عەبدوڵڵا و دكتۆر خدر مەعسوم و ژمارەیەك هەڤاڵی تر لە شام بوون، دوو بارەگاشمان هەبوو: یەكێكیان لە مالیكیە – دێریك، ئەوی تریان لە قامیشلۆ بوو، بارەگاكەی دێریك ئەم هەڤاڵانەی لێ بوو، فەرهاد شاكەلی بەرپرسی بارەگا، حەسەن فەیزوڵا كەركوكی، سامان گەرمیانی، شەهید مامۆستا داود عەلی گەرمیانی، رەئوف دزەیی  ناسراو بە شوانە، سابیر حاجی پیرە زراری ناسراو بە سمكۆ هەولێری، فەرحان ئەمین بادینی و محەمەد حەسەن بادینی و عادل شكور ناسراو بە رزگار، بارەگای قامیشلۆش شەهید ئیبراهیم عەزۆ بەرپرسی بارەگا بوو، هێزەكەشی لە 20 پێشمەرگە و كادری پێشكەوتوو پێكدەهات كە چەندین خولی مەشقیان پێ كرابوو.

قامیشلۆ و  دێریك

لە راستیدا ئەو ناوچە كوردییانە بەگشتی و هەردوو شاری قامیشلۆ و دێریك بەتایبەتی، لانكە و ئامێزێكی لۆجستی بوون بۆ شۆڕشی نوێ، كە لێیەوە یەكەمین مەفرەزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەڕینەوە بەرەو كوردستانی عیراق، هەروەها پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریا و عەبدولحەمید دەروێشی سكرتێری ئەو حزبە رۆڵی گەورەیان بینی لە دابینكردنی ئەم  ئامێزە سەقامگیرە، كە كادرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە قورسترین بارودۆخدا گرتەخۆی، ستران عەبدوڵڵا بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بابەتێكی خۆیدا لە كوردستانی نوێ لەبارەی وەفای نێوان عەبدولحەمید دەروێش و مام جەلال تاڵەبانی دەڵێت: لە قورسترین بارودۆخدا كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناو كوردستاندا پێیدا تێدەپەڕی، كە زۆرێك حزب و لایەن و كەسایەتییەكانی كوردستان بێ وەفاییان بەرامبەر نیشاندا، لەو بارودۆخەدا كاك عەبدولحەمید دەروێش هەڵوێستی دڵسۆزانە و وەفادارانە بوو بەرامبەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

عەلی شەمدین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا