پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
عالیە نوسێف، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، “کەسێکی گەندەڵ لە وەزارەتی کارەبا لەڕێی پێدانی 14 ملیۆن دۆلار بەرتیل بە کەسێکی نزیک لە بەرپرسێکی دەستڕۆیشتوو، هەوڵیداوە بۆ گەیشتن بە پۆستی بریکاری بەرهەمهێنان لە وەزارەت”.
عالیە نوسێف لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، “داواکراو بە ناوی (و. خ. ح) کە پێشتریش چەندین بەڵگەنامەی گەندەڵیمان لەسەری بڵاوکردووەتەوە، 14 ملیۆن دۆلاری داوەتە کەسێک کە نزیکایەتی لەگەڵ بەرپرسێکی دەستڕۆیشتوودا هەیە، تا پۆستی بریکاری بەرهەمهێنانی پێبدرێت لە وەزارەتی کارەبا، لەکاتێکدا بڕوانامەی ساختەی پێیە و برای ئەو تیرۆرستانەیە کە تۆمەتبارکراون بە تەقاندنەوەی بورجەکانی وزە”.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە لەلایەن وەزیری کارەبا و دەستەی دەستپاکیی و داواکاری گشتییەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم دۆسیەیە بکرێتەوە و پێداچوونەوە بە دۆسیەی گەندەڵی ئەو کەسەدا بکرێتەوە.