میسر بۆ توركیا: متمانەتان لەدەستداوە

پۆڵەتیك پرێس:

ئەحمەد حافز وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ئیدانەی لێدوانەكانی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەەرەوەی توركیای كرد لەبارەی رووداوەكانی كودێتای روخانی مورسییەوە كە بە شۆڕشی 30ی یۆنیۆ ناوی دەبەن.

رۆژی 30ی حوزەیرانی 2013 لە كودێتایەكی سەربازیدا محەمەد مورسی سەرۆكی هەڵبژێردراوی میسر كە سەر بە ئیخوان موسلیمین بوو لەكارلادرا و عەبدولفەتاح سیسی وەزیری ئەو كاتی بەرگری جێگەی گرتەوە و تا ئێستا سەرۆكی میسرە.

لەو كاتەوە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و قاهیرە چووەتە قۆناغی گرژی و ئاڵۆزییەوە و بەردەوام ململانێ لەنێوانیاندا هەبووە، بەتایبەت دەستپێكردنی هەڵمەتی راوەدوونانی ئیخوانەكان لە قاهیرە لەلایەن دەسەڵاتی نوێوە و هەڵهاتنی بەشێك لە ئیخوانەكان بۆ توركیا.

حافز وتی: بەردەوامبوونی توركیا لەسەر سیاسەتی نەرێنی خۆی بەرامبەر میسر و خزمەتكردنی ئایدۆلۆجییەك شەرمەزار دەكەن و پێچەوانەی ئەو بانگەشانەشە كە دەیكەن بۆ سازكردنی كەشوهەوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و لەدەستدانی متمانەیە.

لێدوانەكەی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە سەر لێدوانەكانی ئۆغلۆ هاوكاتە لەگەڵ قسەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ میسر و یۆنان نیشان دا.

ئەردۆغان وتی: لاریمان نییە لە گفتوگۆ لەگەڵ میسر و كردنی گفتوگۆی هەواڵگری بابەتێكی ترە و دەكرێت و لەوێ رێگری نییە.

هەفتەی رابردووش یاسین ئۆكتای راوێژكاری ئەردۆغان وتبووی بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین لەگەڵ سوپای میسردا شەڕ بكەن و سوپای میسریش شەڕی توركیا ناكات، سوپای میسر بەهێزە و ئەوان رێزی دەگرن.

پێشتر سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر وتی: دەستوەردانی توركیا لە كاروباری ناوخۆی چەند وڵاتێكی عەرەبی هەڕەشە لەئاسایشی نەتەوەیی عەرەب دەكات، میسر بێدەنگ دانانیشێت لە روبەڕوبونەوەی ئەو هەوڵانە كە لە باكوری عێراق و سوریا و لیبیاوە دەستیپێكردووە.

ئامادەیی خۆیشی بۆ هاوكاری عێراق نیشان دا لە روبەڕوبونەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا