وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێم گوتوه‌؟

ئەم بابەتە 68 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت: “ئه‌و رۆژه‌ كۆتایى هاتووه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر حكومه‌تى ناوه‌ندى بتوانێت بودجه‌ یان موچه‌ى هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات، هه‌ر هه‌نگاوێكى له‌و شێوه‌یه‌ حكومه‌تى عێراق دووچارى لێپێچینه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاران ده‌كات”.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی پۆڵه‌تیك پرێس له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، وه‌زیری دارایی داوایكردووه‌ هه‌وڵی ڕازیكردنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی په‌رله‌مان بده‌ن، بۆئه‌وه‌ی له‌ناردنی پشكی هه‌رێم نه‌رمی بنوێنن.

به‌رپرسانی عێراق به‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێمیان گوتووه‌، نایانه‌وێت له‌سه‌ر ناردنی 320 ملیار دیناری پشكی هه‌رێم بانگهێشتی په‌رله‌مانی عێراق بكرێن.

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “ئه‌وه‌ى وه‌زیرى دارایى ده‌یڵێت راستده‌كات، چونكه‌ حكومه‌تى عێراق مه‌ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌ بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ى بودجه‌بێت یان موچه‌ بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات، تووشى لێپێچینه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌بێته‌وه”‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى عێراق وتیشی: “هۆكارى سه‌ره‌كى كه‌ بووه‌ته‌ رێگر له‌رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، بریتیه‌ له‌وه‌ى ناوه‌ند متمانه‌ى به‌ هه‌رێم نه‌ماوه‌ به‌بێ رێككه‌وتن پشكى كورد ره‌وانه‌ بكات، هاوكات ئه‌و شاندانه‌ى تا ئێستا سه‌ردانى به‌غدایان كردووه‌ خاوه‌ن بڕیار نه‌بوون له‌ دۆسیه‌ى نه‌وتدا”.

باسى له‌وه‌شكرد، سه‌ردانى شاندى حزبى هه‌رێم بۆ به‌غدا بۆئه‌وه‌یه‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌و حزبانه‌ى فراكسیۆنیان له‌ په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنن، بۆئه‌وه‌ى له‌كاتى گه‌یشتنی پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2021ی عێراق به‌په‌رله‌مان، فراكسیۆنه‌كانیان ده‌نگ بده‌ن به‌ پشكى كورد له‌و پرۆژه‌ یاسایه‌دا، ئه‌گینا قورس ده‌بێت په‌رله‌مان به‌ رێككه‌وتنى هه‌رێم و ناوه‌ند رازى بێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک