سەدر: تاقیکراوە، تاقی ناکرێتەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوا دەکات سەرجەم میلیشیاکان هەڵبوەشێندرێنەوە و دەڵێت، “تاقیکراوە، تاقیناکرێتەوە و نامانەوێت سپایکەر بگەڕێتەوە و ناوچەکانی عێراق بفرۆشرێنەوە”.

ئەمڕۆ هەینی لەمیانی نوێژی بەکۆمەڵی سەدرییەکان لەژێر ناوی “نوێژی یەکگرتوویی” شێخ مەحمود جەیاشی بەرامبەر بە ژمارەیەکی بێشوومار نوێژکەر و شوێنکەوتووی ڕەوتی سەدر لە شاری سەدری بەغدای پایتەختی عێراق پەیامی موقتەدا سەدری خوێندەوە.

لە پەیامەکەیدا سەدر دووپاتیکردووەتەوە، پێویستە ئەو گروپە چەکدارانەی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کاردەکەن دووربخرێنەوە و گرنگە کەسانی تاقیکراوە جارێکی دیکە تاقینەکرێنەوە و لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا پۆستیان پێنەدرێت.

لە پەیامەکەی سەدردا ئەوەش هاتووە، “ئێمە لە ڕێگایەکی سەخت و ناڕێکداین، بەجۆرێک کەسانێک هەن ڕازین بەوەی حکومەت لەسەر دەستی ئەوانە پێکبهێنرێت کە پێشتر تاقیمان کردوونەتەوە و باش نەبوون”.

لە درێژەی پەیامەکەیدا سەدر داوای کرد، “لەڕێگەی دیپلۆماسی و پەرلەمانییەوە ئەوەی ماوەتە لە هێزی “داگیرکەر” بکرێتە دەرەوەی عێراق و ئەمەش یەکێکە لە مافەکانی گەل کە دووربێت لە داگیرکاری”.

هاوکات، داوای لە کوتلە شیعەکان کرد تۆبەی خوا بکەن و لەبەردەم دادگا لێپێچینەوە لەو گەندەڵانە بکەن کە شوێنکەوتووی خۆیانن.

وتیشی، “من وتەبێژی مەرجەعیەت نیم و هەمووان دەزانن مەرجەعیەت دەرگای بەڕووی سەرجەم سیاسییەکاندا داخستووە بەبێ جیاوازی، ئەمەش خۆی لەخۆیدا سوکایەتییە بەتایبەتی بۆ هێزە شیعەکان، بۆیە داوا دەکەم سەرەتا داوای لێبوردن لە خوا بکەن و دواتریش لەبەردەم مەرجەعیەتدا داوای لێبوردن بکەن”.

لەبارەی ئەوانەی دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن سەدر ئاماژەی بەوەکرد، “زۆربەیان بڕوایان بەوە نییە کە خۆشەویستی نیشتمان بەشێکە لە ئیمان و لە دەرەوە ئاراستەدەکرێن، بۆیە داوایان لێدەکەم خۆشەویستی نیشتمان پێش هەموو شتێکی دیکە بخەن و بەپێی پێوەرە دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بکەن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا