زۆرینەی خۆپیشاندەرەكانی سلێمانی ئازادكران

پۆڵەتیك پرێس:
لەسەر راسپاردەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی‌و بەفەرمانی لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی ئەو خۆپیشاندەرانە ئازادكران، كە لەشاری سلێمانی دەستگیركرابوون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر خۆپیشاندانەكانی سلێمانی بەیاننامەیەكی دەركردووە، راسپاردەی داوە بۆ ئازادكردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی لەشاری سلێمانی دەستگیركراون، بەتایبەتی ئەو خۆپیشاندەرانەی هیچ تۆمەتێكیان لەسەر نەبووە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، لەدوای راسپاردەكە، لیوا چەتۆ ساڵح فەرمانی ئازادكردنی بۆ زۆرینەی گیراوەكان دەركردووەو دواتر زۆرینەیان ئازادكراون.

ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندان لەشاری سلێمانی بەرێوەدەچێت‌و لەئەنجامی خۆپیشاندانەكانیش رۆژی پێنج شەممە لەچەند ناوچەیەك گرژی دروست بوو، بەهۆی گرژییەكانیشەوە، چەند خۆپیشاندەرێك دەستگیركران.

سەرچاوەكەی پۆڵەتیك پرێس ئەوەشی ئاشكراكرد، كە هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە، لیوا چەتۆ راسپاردەی دەركردووە، بۆ سەرجەم هێزە ئەمنییەكان، كە مامەڵەیەكی مەدەنی‌و مرۆیی لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن.

لەبارەی دەستگیركردنی ئەو كەسانە، ئەو سەرچاوەیە وتی: بەشێك لەوانەی دەستگیركراون، خۆیان داواكراو بوون‌و ئەوانەی تریش، كە لەئەنجامی گرژییەكانی دەستگركراون، سەرجەمیان ئازادكراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا