حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی پەسەند كرد

پۆڵەتیك پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە (15ی حوزەیران/ یۆنیۆی 2022) بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدرال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات كردەوە لە بەردەوامبوون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستوورو لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان بكەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێكاریی پێویست دەست پێ بكەن بۆ داكۆكیی یاسایی و دەستووریی لە ماف وشایستەكانی هەرێم وەك لە دەستووردا جێگیركراوە، بە تایبەتیش كە ئێستا خەرجی وداهات و میلاكی وەزیفیی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندكراون.

پاشان لە لایەن عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون و سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، كورتەیەك دەربارەی ڕاپۆرتی ژمارە ( 3 )ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یاسای چاكسازی خرایەڕوو، كە بەم دواییانە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كراوە و لە هەشت بەشی سەرەكی پێكهاتووە لەسەر بنەمای ماددە وبڕگەكانی یاسای چاكسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 سەبارەت بە بەرەوێشچوون وئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاساكە كە بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمە. بڕیاریشدرا حەفتەی داهاتوو ، هەر وەزارەتێك بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە وزانیاریی پێویست، ئەو چاكسازییانە بخاتەڕوو كە لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەكانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بكەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵكی كوردستان لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت لە بواری چاكسازیی ئاگادار بن.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە ، تایبەت بوو بە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای هەمواركردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادكردنی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە كۆی دەنگ پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بۆ تەشریعكردنی.

لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی موڵكداریی خوشك وبرایانی كریستیان، كۆنووسی لیژنەكەی خستەڕوو كە چەندیین بڕیار وپێشنیاری لەخۆگرتبوو، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی ڕاسپارد كە ڕێگریی بكەن لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەك بۆ موڵكداریی كریستیانەكان یان هەر هاووڵاتییەكی دیكە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ كەس و گرووپ و لایەنێك نادرێت لەژێر هەر ناوێكدا بێت هەوڵی تێكدانی بەیەكەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵك بكات . ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیكردن لە قسەكانی سەرۆك وەزیران، جەختی لە جێبەجێكردنی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان ژمارە 5 ساڵی 2015 لە ناویشیاندا خوشك وبرایانی كریستیان وەك هاووڵاتی ڕەسەنی كوردستان كردەوە.

لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندكرد تایبەت بە داشكاندنی ڕێژەی %15 ی ئەو پێشنینانەی حكومەت كە لەلای هاووڵاتییانە وەك: پێشینەی خانووبەرە ، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانكی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچووك ، پێشینەكانی بانكی كشتوكاڵی، پێشینەی پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی كەڵەكەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەری كۆمەڵایەتی و سزای دواكەوتن و سوود لە سەر باج و رەسم . ئەم درێژكردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانكارییە و جارێكی دیكە داشكاندنەكە درێژ ناكرێتەوە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بە زووترین كات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بكەن كە بارگرانیی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست كردووە و هاوردەكردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان ڕێگەپێدراو بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا