هۆشدارییه‌ك بۆ ئه‌و ده‌رمانخانانه‌ی نرخی ده‌رمان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌

پۆڵه‌تیك پرێس
به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “هه‌ر خاوه‌ن ده‌رمانخانه‌یه‌ك نرخى ده‌رمان به‌رز بكاته‌وه‌ كه‌ زیاتر بێت له‌و نرخه‌ى وه‌زاره‌ت بۆى دیاریكردووه‌، ده‌یده‌ینه‌ دادگا”.

به‌هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر دینارى عێراقى، ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌رمانخانه‌كان ده‌ستیان به‌به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخ كردوه، له‌و ڕوه‌وه‌ شیروان سادق، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند، “ئێمه‌ تیمى هاوبه‌شمان هه‌یه‌ له‌ قائیمقامێتیه‌كان و چاودێرى بازرگانیه‌كان و سه‌ندیكاى ده‌رمانسازان، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ چاودێرى نرخى ده‌رمان ده‌كه‌ین، هه‌ر شوێنێك نرخه‌كه‌ به‌رز بكاته‌وه‌ رێوشوێنى یاسایى له‌گه‌ڵدا ده‌گرینه‌به‌ر”.

وتیشى، “ده‌ستمان به‌ چاودێرى نرخ كردووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ به‌ به‌ركردنه‌وه‌ى نرخ ناده‌ین، له‌و نرخه‌ش كه‌ بۆ جۆرى ده‌رمانه‌كان دیاریكراوه‌ ده‌بێت پێوه‌ى پابه‌ند بن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر نرخ بۆ جۆرى ده‌رمانه‌كان دانراوه‌، به‌ڵام ده‌رمانخانه‌كان زۆرجار پێوه‌ى پابه‌ند نه‌بوون، به‌ڵام له‌ ئێستادا ڕێكارى توندتریان گرتووه‌ته‌ به‌ر، هه‌ر هاوڵاتیه‌كیش حاڵه‌تێكى به‌دیكرد له‌ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌كان له‌ رێگه‌ى تیمه‌كانه‌وه‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندیان پێوه‌بكات.

به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى ده‌رمان، ئیجرائاته‌كان خۆى له‌ غه‌رامه‌كردن و داخستنى شوێنه‌كه‌ و تا ڕوبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی دادگا ده‌بینێته‌وه‌، “ئه‌گه‌ر جارى یه‌كه‌م بێت شوێنه‌كه‌ داده‌خه‌ن و غه‌رامه‌ى ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌گه‌رى دوباره‌بونه‌وه‌شى رێوشوێنى یاساى له‌گه‌ڵدا ده‌گرنه‌ به‌ر و ده‌یده‌ن به‌دادگا”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا