دوای فشارەكانی فەڕەنسا، توركیا كەشتییەكەی لە دەریای ناوەڕاست كشاندەوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

دەسەڵاتدارانی توركیا كەشتی “ئۆرۆچ رەیس “یان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كشاندەوە و گەڕاندیانەوە بۆ بەندەری ئەنتاڵیا، كە مەبەستی گەڕان بەدوای گازی سروشتی رووی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست كردبوو.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەدوای گفتوگۆكانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بەچاودێری هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی “ناتۆ”، كەشتی ئۆرۆچ رەیسیان گەڕاندووەتەوە بۆ بەندەری ئەنتاڵیا.

كەشتیەكە كارەكانی لەو ناوچەیەدا راگرتووە لەگەڵ ئەوەی بڕیاروابوو هەتا ٢٥ی ئەیلول بەردەوامی بە كارەكانی بدات

ئەوەش هاتووە، كەشتیەكە كارەكانی لەو ناوچەیەدا راگرتووە لەگەڵ ئەوەی بڕیاروابوو هەتا ٢٥ی ئەیلول بەردەوامی بە كارەكانی بدات، ئەوەش لەدوای گفتوگۆكردن لەگەڵ یۆنان.

ئەو هەنگاوەی توركیا، لە نێوەندی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان وڵاتەكە و یۆناندا دێت، لەبارەی سنوورە دەریاییەكانی هەریەك لەو دوو وڵاتە و مافەكانی گەڕان بەدوای گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.

لەماوەی رابردوودا، توركیا لەو ناوچانەی كە یۆنان و قوبرس بە پشكی خۆیانی دەزانن، بەدوای گازدا دەگەڕا و بانگەشەكانی یۆنانی لەبارەی مافە دەریاییەكانی لە ناوچەكە رەتدەكردەوە.

ماكرۆن داوای لەیەكێتی ئەوروپاكردبوو، لە دژی توركیا، پشتی یۆنان و قوبرس بگرن

لەوبارەیەوە، زۆرێك لە وڵاتانی زلهێز هاتنەدەنگ و ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی نێوان یۆنان و توركیایان بە هەڕەشەی مەترسیدار بۆسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدا.

مانگی ئابی ئەمساڵیش، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا، لەسەر ئەو لەشكركێشییانەی توركیا دەیكاتە سەر دوو ناوچەی دیكەی یەكێتی ئەوروپا كە ئەوانیش یۆنان و قوبرسە هاتەدەنگ و وتی: پێویستە یەكێتی ئەوروپا سزای توند بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

هاوكات، داوای لەیەكێتی ئەوروپاشكرد، لە دژی توركیا، پشتی یۆنان و قوبرس بگرێت.

مانگی ئابی رابردوو، كەشتی ئۆروچ رەیس بەندەری ئەنتاڵیای بەجێهێشت و بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست بەمەبەستی گەڕان بەدوای سەرچاوەكانی وزە و گازی سروشتی بەڕێكەوت، ئەو هەنگاوەش یۆنان و قوبرس و بەشێك لە وڵاتانی ناتۆی نیگەران كرد و بووەهۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەو ناوچانەدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا