ڕێواز فایەق: پێویستە سنورێک بۆ ئەوەی لە ھەولێر لەئارادایە دابنرێت

پۆڵەتیک پرێس:

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین کە بە زووترین کات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بکەن، کە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێکدا”.

ئەمڕۆ هەینی رێواز فایەق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “زۆر بەداخەوە کە شەوی ڕابردوو، بەھۆی بەرزیی ڕێژەی بارانبارینەوە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر ژێرئاو کەوتن و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر خەڵکی ئەم گەڕەکە ھەژارنشینانە کەوت”.

وتیشی: لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕِای نیگەرانی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵھەژێنانە و هاوبەشیی خەمی کەسوکاری قوربانیان، لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین کە بە زووترین کات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بکەن، کە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێکدا.

ئەوەشی خستەڕوو، “پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونێکی جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، بە تایبەت کە ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی ئاو تێیدا”.

رێواز فایەق راشیگەیاند، “پێویستە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕابگیرێت و لە خزمەتی گەشەکردنی شار و ژێرخانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان ئاراستە بکرێت و کەسانێکی شارەزای دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پیشەییانە پلانی گەشەکردنی بیناسازیی شار دابنێن، بەجۆرێك ئارامی و دڵنیایی بە هەموو چین و توێژەکان ببەخشێت نەك گەڕەکە هەژارنشینەکان دوودڵ بن لەوەی نزا بکەن تەنانەت خوای گەورە بە ڕەحمەتی باران بەسەریان بکاتەوە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا