رەشەبای راماڵینی گەندەڵكاران لەعێراق هەڵیكرد

پۆڵەتیك پرێس:
لەهەڵمەتێكدا، كە لەساڵی 2003وە یەكەم جارە هاوشێوەی ببینرێت، لیژنەی باڵای لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی گەورە و تاوانە زۆر تایبەتەكان، كە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە پێكهێنراوە، بەپاڵپشتی هێزەكانی دژە تیرۆر زیاتر لە 10 كەسایەتی دەستگیركرا.

لەدیارترین ئەو كەسانەی دەستگیركراون سەرۆكی دەسەڵاتی وەبەرهێنانی عێراق (شوكری الزمیلی)‌و سەرۆكی دەسەڵاتی خانەنشینی ئەحمەد ئەسەدی‌و سەرۆكی بانكی كشتوكاڵ عادل خودهەیر‌و سەرۆكی كۆمپانیا داراییەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتەكانی پلاندانان‌و بازرگانی و پەروەردەو نەوتن.

 

ئەم هەڵمەتە چەند رۆژێكە بە پشتوانی مەرجەعییەتی باڵای شیعەكان دەستپێكراوە

 

ئەم هەڵمەتە چەند رۆژێكە بە پشتوانی مەرجەعییەتی باڵای شیعەكان دەستپێكراوە، دوای ئەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شعەكان پشتوانی خۆی بۆ دژایەتی گەندەڵی راگەیاند.

هەرچەندە هەڵمەتەكە دەستپێكردووە، بەڵام تائێستا سیاسییە گەورەكانی نەگرتووەتەوە، كە گومانی تێوەگلانیان لەگەندەڵی گەورە هەیەو ئەگەر هەیە لەداهاتوو ئەوانیش بگرێتەوە.

دەستگیركردنی نوێ
لەدواین هەوڵیشدا لەبەغدا بەها عەبدولحوسێن بەڕێوەبەری كۆمپانیای دارایی KCard ، كە بەرپرسی پێدانی موچەی خانەنشینان و فەرمانبەرانە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەكاتی هەوڵدان بۆ بەجێهێشتنی وڵات دەستگیركرا.

هاوكات بڕیاری گەشتكردن بۆ ئەمینداری پێشووی بەغدا (زكری عەلوش)و بەڕێوەبەری گرێبەستەكان لەوەزارەتی پلاندانان ئەزهەر ئەلروبەیعی دەرچوو، هەروەها فەرمانیش بۆ بەڕێوەبەری گشتی بەشی ئاو لە ئەمانەی بەغدا و عەممار موسا و بەرپرسانی فڕۆكەخانەی نەجەف و نووسینگەی پارێزگای كەركوك و پارێزگای نەینەوا و سەڵاح ئەلدین و بەرپرسی باڵا لە بەسرە دەرچووە، بۆ ئەوەی دەستگیربكرێن.

بەنهێنی لێكۆڵینەوە لە دەستگیركردنەكان دەكرێت
ئەندامێكی باڵای پەرلەمانی عێراق، كە نزیكە لە سەرۆك وەزیران لەبارەی لێكۆڵینەوەكان بەپێگەی (ئەلعەرەبی جەدید)ی ڕاگەیاند، دوو ڕۆژی داهاتوو دەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی نوێ‌ لەدژی بەرپرسانی پێشوو، ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و ناڕێكییەكان بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار دەبینرێت، كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە چەند وەزارەتێك ئەنجامدراون.

 

ئەو كەسایەتییانەی ئێستا دەستگیركراون بەنهێنی لەلایەن لیژنەی دادوەری بەتواناوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت

 

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كەسایەتییانەی ئێستا دەستگیركراون بەنهێنی لەلایەن لیژنەی دادوەری بەتواناوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، كە هەندێكیان دانیان بەكەسایەتی تری پەیوەندیدار بەكەیسەكانی گەندەڵیدا ناوە، لەوانە كەسایەتی سیاسی و گەورە بەرپرسان و بەرپرسەكان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەری گشتی و خوارەوە هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەكەیسەكانی گەندەڵی گەورەو تاوانی زۆر تایبەت شوێنی دەستبەسەركردنی لەناوچەی سەوز تەرخان كردووە، كە دەستبەسەركراوان بەنهێنی لێكۆڵینەوە لەسەر دەكرێت‌و ڕێگریشیان لێ كراوە بە كەفالەت ئازاد بكرێن، لە كاتێكدا هێزێكی تایبەتی دەزگای دژە تیرۆری عێراقی بۆ پاراستنی ئەو شوێنە ڕاسپێردراوە.

مستەفا كازمی لەكاتی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەكەیستەكانی گەندەڵی دەسەڵاتی فراوانی دایە لیژنەكە، بەڵام پێشبینی ناكرێت لێكۆڵینەوە لە كەسایەتی سیاسی پلە یەك بكرێت، چونكە هەنگاوەكە زۆر زیاترە لەتوانای حكومەتی عێراق.

هەندێك لەو كەسایەتییانەی، كە گومان دەكرێت لە لیستەكەدا بن، ئەندامانی پەرلەمانن، كە پارێزبەندی پەرلەمانیان هەیە و ئەمەشیان بەهەند وەرگرتووە پشتی پێدەبەستن، هەروەها بەشێكیشیان لەعێراق هەڵهاتوون، بەڵام لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانی گەندەڵی لە پەرلەمانی عێراق نزیك بووەتەوە لەهەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی لەسەر هەر پەرلەمانتارێك، كە گومانی گەندەڵی لەسەرە تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

هەروەها لیژنەی لێكۆڵینەوە پەیوەندی بە پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووە بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو كەسانە دەستگیربكەن و رادەستی دەسەڵاتی عێراقیان بكەنەوە.

 

لیژنەی لێكۆڵینەوە پەیوەندی بە پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووە بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو كەسانە دەستگیربكەن و رادەستی دەسەڵاتی عێراقیان بكەنەوە

 

مەحمود زەقراوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: دەستگیركردنەكان لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییەكی زۆر لێكراوە و گرنگە حكومەت بەردەوام بێت لەم هەڵمەتی ئێستای‌و بەدوای گەڕاندنەوە و كۆكردنەوەی ئەو پارانەوە بێت، كە لە عێراقییەكان زەوتكراوە و گواستراوە بۆ دەرەوەی وڵات.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لەكەیسەكانی گەندەڵیدا تێوەگلاون نابێت سنووردار بكرێن بە بەرپرسانی قۆناغی تازەوە، بەڵكو دەبێت ئەو كەسایەتییانەش بدرێنە دادگا، بەتایبەتی ئەوانەی گەندەڵیان كردووە لەكابینەكانی رابردوو.

باسی لەوەش كرد، پێویستە هەڵمەتەكە چەند كەسایەتی دیاری بەرەی پێشەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەخۆ بگرێت، كە هەندێكیان لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا سپۆنسەری گەندەڵی دەكەن.

هەروەها وتی: بەپێی داتا و زانیارییەكان هەڵمەتی دەستگیركردنی بەرپرسانی ئێستا و پێشوو، تەنانەت كەسایەتی سیاسی گومانلێكرایش بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژانی داهاتووو ڕەنگە چەند كاتژمێری داهاتووش زیاتر دەستگیر بكرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا