یەكێتی: مەرجەكان بۆ وردبینیكردن لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوك نادادپەروەرانەیە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەنتەری هەڵبژاردنی كەركوك-سەڵاحەدینی (ی.ن.ك) راگەیەندراوێكی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەو مەرجانەی كە لە یاساكەدا هاتوون بۆ وردبینی كردن لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوك نا روون و نادادپەوەرن.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە یاساكە ناحەقیی زۆری تێدایە دژی نەتەوەی كورد لە پارێزگای كەركووك و چەند خاڵێكیشی خستووەتەڕوو، لە یەكێكیاندا هاتووە، ئەم مادە پەسند كراوە هەمان ئەو مادە نییە كە دوو رۆژ لەمەوبەر رەزامەندیی پێكهاتەكانی لەسەر بووە.

دەقی راگەیەندراوەكەی سەنتەری هەڵبژاردنی كەركوك-سەڵاحەدینی (ی.ن.ك):

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان..!

جەماوەری كوردپەروەر و خۆڕاگری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان..!

سەرەتا پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەنگاوێكی گرینگە بەرەو ئەنجامدانی هەلبَژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بە هۆكاری سیاسی و نەتەوەیی لە ساڵی (2005)وە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدراوە، بە گوێرەی ئەم یاسایە بڕیار وایە لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق ئەم ساڵ هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت. بەڵام ئەو مەرجانەی كە لە یاساكەدا هاتوون بۆ وردبینی كردن لە تۆماری دەنگدەرانی كەركوك نا روون و نادادپەوەرن، و هەروەها ناحەقی زۆری تێدایە دژی نەتەوەی كورد لە پارێزگای كەركوك بەم شێوەیەی لای خوارەوە:

1- ئەم مادە پەسەند كراوە هەمان ئەو مادەیە نییە كە دوو رۆژ لەمەوبەر بە رەزامەندی هەموو پێكهاتەكان ئامادەكراو رەوانەی دانیشتنی پەرلەمان كرا، بەڵام بەهۆی ئەنجام نەدانی دانیشتنەكە دەنگی لەسەر نەدرا.

2- راستە لە یاساكەدا سەرژمێری (1957) كراوەتە یەكێك لە بنەماكانی تۆماری دەنگدەران لە كەركوك، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە لەسەر ئەم بنەمایە كە لە مادەیەكی پێشووتری یاساكەدا هاتووە كە هەر پارێزگایەك بە سنووری ئیداریی ئێستای بازنەیەكی هەڵبژاردنە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت راستە سەرژمێری (1957) بنەمایە بەڵام بە سنووری ئێستای كەركوك بە مەش دەنگدەرانی رەسەنی كەركوك لە قەزاكانی: (چەمچەماڵ، و كەلار، و كفری، و خورماتوو) كە لە ساڵی (1957) سەر بە ئیدارەی كەركوك بوونە دەكەونە ژێر مەترسی سڕینەوە! سەبارەت بە زیادكردنی ناحیەی سەرگەڕان لەسەر داوای فراكسیۆنی بەكێتیی زیاد كران.

3- زیادكردنی بڕگەیەكی مەترسیدار بۆ مادەكە كە لە دوا ساتەكانی دەنگدان زیاد كراوە، مافی دەنگدان دەدات بەو كەسانەی كە لە پێش ساڵی (2003)وە فۆڕمی خۆراكیان لە كەركوك بووە، بنەمای سەرژمێری ساڵی (1957) بەتاڵ دەكاتەوە، بەوەش ئەو عەرەبە هاوردانەی كە لە پێش ساڵی (2003)وە لە كەركوك بوونە دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوەش پێچەوانەی بنەمای سەرژمێری ساڵی (1957) كە لە كۆبوونەوەی سەرۆك و جێگری پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كە شەوی رابردوو پەسەند كرا. ئەم بڕگەیەش بەبێ رەزامەندی فراكسیۆنی یەكێتیی لە دوا ساتەكاندا زیاد كرا و دواتر دەنگی لەسەر درا!

4- جێگیركردنی ئەم بڕگەیەی پێش ساڵی (2003) لە بەرژەوەندی عەرەبی هاوردەیە لەسەر حیسابی ئەو دەنگدەرە كوردانەی كە بە هەر هۆكارێك فۆڕمی خۆراكیان كەركوك نەبووە و خەڵكی ئەو شارۆچكانەن كە لە ساڵی (1957) سەر بە كەركوك بوونە.

5- راستییەك هەیە كە پێویستە رای گشتی بیزانن كە فراكسیۆنی یەكێتیی بەشداریان لە دانیشتنی پەرلەماندا نەكرد بۆ ئەوەی نیساب تەواو نەبێت، بەڵام دواتر لایەنەكانی دیكە نیسابیان تەواو كرد چونكە پێشتر ژێر بە ژێر رێككەوتنیان لەسەر تێپەڕاندنی یاساكەدا كردبوو..! بەڵام دواتر بە ناچاری فراكسیۆنی یەكێتیی بەشداری كۆبەوەنەوەكەی كرد بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خواست و مافەكانی دەنگدەرانی كوردی كەركوك بكات.

6- جێبەجێكردنی ئەم یاسایە هەڕەشە لەسەر ژمارەیەكی دیاری دەنگدەری كوردی كوركوك درووست دەكات و بە ناحەق ناوەكانیان دەخاتە ژێر مەترسی سڕینەوە!

7- لە بەر ئەم هۆكارانە و ناڕوونی و نا دادپەرەوەری ئەم بڕگانە، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەنگی بەم مادەیە و كۆی یاساكە نەداوە، لە هەمان كاتدا دەنگدەرانی كوردی كەركوك دڵنیا دەكەینەوە كە هەموو رێوشوێنە یاسایی و دەستووری و سیاسییەكان دەگرینەبەر چ لە ناو ئەو لیژنەیەی كە بڕیارە درووست دەكرێت، چ لە دەرەوەی لیژنەكە لە پێناو بەرگریگردن لە خواست و مافە رەواكانی دەنگدەرانی نەتەوەی كورد لە كەركوك.

8- بە داخەوە روون بووەوە كە لایەنێكی سیاسی بەرگری لەم ماداەیە دەكات و كەركوك خەڵكەكەی لە چوارچێوەی (سەفقەیەك)دا كرانە قوربانی دوو كورسی كۆتای مەسیحی و زیادكردنی دەنگی حزبەكەی لە موسڵ لەسەر حیسابی دەنگدەرانی كوردی كەركوك! لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئەو مادەیە وەكو دەستكەوت هەژمار بكرێت!!

9- تێپەڕاندنی یاساكە بەم شێوەیە،پێچەوانەی دەستوور و مادەی پێشووتری (35)ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانە كە لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە هەڵوەشێندرایەوە.

لە كۆتاییدا خەڵكی دلێر و خۆڕاگری كەركوك دڵنیا دەكەینەوە كە رووبەڕووی هەموو ئەو پیلانگێڕی و نادادییەی كە دەرهەق بە نەتەوەكەمان كراوە و دەكرێت ببینەوە،و هەموو رێوشوێنە دەستووری و یاسایی و سیاسییەكان دەگرینەبەر،و نەتەوەكەمان لە كەركوك و جێناكۆكەكان بە تەنها جێناهێڵین، كاتێكیش كە دەقی فەرمی ئەم یاسایە بڵاو دەكرێتەوە راستی و درووستی ئەو مەترسییانەی كە ئێمە هەمانە لەسەر ئەو مادەیە دەردەكەوێت.

هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵانمان لە فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی عیراق، و هەروەها هەڤاڵ خالید شوانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەكەین لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونە بەردەوامەكانیان لە پێناو بەرگریكردن لە دۆزی رەوای نەتەوەكەمان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.

سەنتەری هەڵبژاردنی كەركوك-سەڵاحەدینی (ی.ن.ك)

27 /3/2023

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا