تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ له‌دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق به‌دوور ده‌زاندرێت

پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندكردن، ئەندامێكی لیژنەی دارایش بەهۆی یەكلانەكردنەوەی سێ ماددەی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی، بەدوری دەزانێت پرۆژە یاسای بودجە دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”پەرلەمانتارێك 150 واژۆی بۆ خستنە بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراق كۆكردوەتەوە، ئەوەش نیگەرانی لای ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دروستكردووە، چونكە وەك لیژنەكە لە 15ی شوباتەوە كۆی بڕگە و بابەتەكانی پرۆژەیاساكەی یەكلاكردووەتەوە، جگە لەو بڕگەیەی تایبەتە بە پشكە كورد”.

لەبارەی رێككەوتن لەسەر ماددەی 11 كەتایبەتە بە پشكی هەرێم ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتی “حكومەتی هەرێم ئەو دەقەیان قبوڵە كە لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە و بریتییە لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە بە كۆمپانیای سۆمۆ، هێزە سوننیەكانیش گرفتێكیان نیە بۆ رێككەوتن لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم، بەڵام هێزە شیعەكان قبوڵیان نییە و تائێستاش نەیانتوانیوە دەقێكی دیكە بێنن”.

بەوتەی ئەحمەدی حاجی رەشید، “بەشێك لە لایەنە شیعەكان داوای كۆی داهاتی نەوتی هەرێم دەكەن، ئەو پرسەش تائێستا نەبۆتە داواكاری سەرجەم هێزە شیعەكان و چاوەڕوان ناكرێت لە دانیشتنی داهاتووی عێراق ئەوپرسە بخرێتە دەنگدانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەیاسایی دادگای فیدراڵی سێ ماددەی قورسی گرنگی ماوە و چاوەڕواندەكرێت دانیشتنەكە تایبەت بكرێت بەو بڕگانەی ئەو پرۆژەیاسایە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرێم جگە لە پێشنیازی ڕاده‌ستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، هیچ پێشنیازێكی دیكەیان بۆ لیژنه‌ی دارایی پێنه‌بووه‌.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بە واژۆی 150 پەرلەمانتار بڕیاریدا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 15ی ئادار دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بخرێتە خشتەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا