لەبارەی كەمكردنەوەی بودجەی هەڵەبجە وەزارەتی پلان دانان روونكردنەوە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی پلان دانانی حكومەتی هەرێم لە وەڵامی پۆستێكی كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دایناوە رایگەیاند، وەزارەتی پلان دانانی حكومەتی عێراق داوایكردووە ڕێژەی پارێزگاكانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دیاری بكرێت، بەمەرجێك كۆی گشتی هەموو بودجەكە لە (100) ملیار دینار تێپەڕ نەكات.

پێشتر كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەكردبوو، حكومەتی هەرێم وەك خۆی ناتوانێت بودجە بۆ هەڵەبجە دابینبكات ‌و نوسراوێكیشی بۆ بەغدا كردوە بوجەی هەڵەبجە كەمبكاتەوە، حكومەتی هەرێم كە ناتوانێت لەدابینكردنی بودجە تایبەتمەندی بۆ هەڵەبجە بكات، بەڵام دەبێتە ڕێگر لەتایبەتمەندیكردن لەلایەن بەغداوە بۆ هەڵەبجە.

لەوبارەوە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم لەڕونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەو زانیاریانەی جێگری پارێزگاری هەڵەبجەی داوەتەوە و ڕایگەیاندوە، لەبری پۆستی فەیسبوك جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بكات بۆ زانیاری‌ و ئاگاداربون لەبڕیارو تەرخانكردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

دەقی روونكردنەوەكە

ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە پشكی پارێزگای هەڵەبجە لە بودجەی پرۆژەكان لەسەردەمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

لەبری پۆستی فیس بوك؛ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بكات بۆ زانیاری و ئاگاداربوون، لە بڕیار و تەرخانكردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونكە لامان سەیرە! ناكرێت لە پۆستیكی ئاوا بیت و ئاگاداری كارو پرۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت بە شاهیدی هەموو لایەك دەرگامان كراوەیە، بۆ هەموو كەسێك و پێدانی زانیاری نەك بەلارێدابردن و چەواشەكاری ئەو خزمەتانەی پێشكەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەكەین.

1. وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم كردووە بەژمارە 2147لە ریكەوتی5_9_2021، و داوای لە وەزارەتمان كردووە دووبارە ڕێژەی پارێزگاكانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دیاری بكرێت، بەمەرجێك كۆی گشتی هەموو بودجەكە لە (100) ملیار دینار تێپەڕ نەكات.

وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ رێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریكردنی پشكی هەر پارێزگایەك و ڕێگە نادەن بنەمای دیكە بەكار بهێندرێت ، چونكە تەنها بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق پەیڕەو دەكرێت.

2. وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە كۆی (99) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، بڕی ( 4,535,500,000) دیناری بۆ پرۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكردووە، كە ئەمە دەكاتە ڕێژەی 45% ی كۆی پارەی تەرخانكراو، لە كاتێكدا بە داتای ڕێژەی دانیشتووان پارێزگای هەڵەبجە بڕی 2% ی بەردەكەوێت، واتە بەڕێژەی 125% لە پشكی خۆی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكراوە.

3. هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەوڵدراوە كە تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە لە پشكی پرۆژەكاندا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە كۆی گشتی 570 ملیار دینار پارەی تەرخانكراوی پرۆژەكان بۆ ساڵی 2021 بڕی 31,61 ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان كراوە (كە هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە یەك نووسراو بڕی 23 ملیار بۆ هەڵەبجە تەرخانكرا)، كە ئەگەر پشكی ڕاستەقینەی پارێزگاكە و ڕێژەی دانیشتووان بووایە، دەبوو بڕی 11,4 ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی ئەم پارێزگایە تەرخان بكرایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی خەڵكی ئەم ناوچەیە و تایبەتمەندی ئەم پارێزگایە، كابینەی نۆیەم لە ساڵی 2021 دا ڕێژەی 5,5% پارەی پرۆژەكانی بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانكردووە، واتە دوو هێندە و نیو زیاتر لە پشكی خۆی بەركەوتووە.

4. سەرەڕای هەموو ئەمانە، بۆ مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و خزمەتكردنی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوابەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی زارەكی سەرۆكی حكوومەت، وەزارەتمان نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی سەرۆكی حكوومەت، بۆ دروستكردنی سایلۆ و كۆگای عەمباركردن لە هەڵەبجە، كە بێگومان ئەمەش دەبێتە یەكێك لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەكانی كابینەی نۆیەم لە سنووری ئەم پارێزگایە و خزمەتێكی بەرچاو بە جوتیارانی ناوچەكەدەگەیەنێت.

لێرەوە بە هەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەبێ جیاوازی كاردەكات لە تەرخانكردنی بودجە و دیاری كردنی پرۆژە لەهەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان بەپێی بودجەی بەردەست و بپێویستی ناوچەكان، پۆستی فیس بوكی جێگری پارێزگای هەڵەبجە و ئەوانەی دەیانەوێت چەواشەكاری كارو بەرنامەكانمان بكەن ساردمان ناكاتەوە و هەموو لایەك دەتوانن سەردانی وەزارەتمان بكەن و ئاگاداری زانیاریەكان بن.
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا