پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، ئاستی بەدەمەوەچوونی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لە پارێزگای هەڵەبجە بەرزبووەتەوە هەرچەندە هێشتا وەكو پێویست نییە، بۆیە بنكەیەكی نوێی وەرگرتنی ڤاكسینیان بۆ هاووڵاتیان كردووەتەوە.
شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێشتر تەنها یەك بنكەی وەرگرتنی ڤاكسین هەبوو لە پارێزگای هەڵەبجە لە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە، بەهۆی ئەوەی بەدەمەوەچوونی هاووڵاتیان زۆركەم بوو بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە، لە ئێستادا بنكەیەكی دیكەمان كردووەتەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە چونكە تا ڕادەیەك بەدەمەوەچوونی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیادی كردووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، وتی: هاوشێوەی شار و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەڵەبجەش زیادی كردووە، ئەتوانین بڵێین ئێستا لە لوتكەدایە رۆژانە ئەو پشكنینانەی ئەنجام دەدرێت زۆربەیان پۆزەتیڤ دەردەچن.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان لۆدیان لەسەر بنكەی وەرگرتنی ڤاكسین دروستكردبوو، پلانی دووەممان ئەوەبوو ژمارەی بنكەكانمان زیاد كرد بۆ دوو بنكە، ئێستاش داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لە رێگەی سیستمی ئەلكترۆنییەوە هاووڵاتیان ناوی خۆیان تۆماربكەن، بۆئەوەی قەرەباڵغی روونەدات.