عەرەبی هاوردە كەركوك رووبەڕووی تەعریبێكی دیكە دەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی لە كەركوك دەڵێت، 80 بۆ 120 هەزار عەرەبی هاوردە هێنراونەتە كەركوك، بەشی زۆریان لەدوای دەست بەكاربوونی راكان جبوری وەكو پارێزگاری بە وەكالەت هێنراون بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 140 ی دەستوورە.

ئەحمەد رەفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی لە كەركوك، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بەپێی خەمڵاندنەكانی ئێمە 80 بۆ 120 هەزار عەرەب هاتووەتە شارەكە، بەشێكی پێش 16ی ئۆكتۆبەر بووە بەشێكیشی دوای 16 ی ئۆكتۆبەر، ئەوانەی پێش 16ی ئۆكتۆبەر پێیان دەوترێت لێقەوماوانی شەڕی ناوخۆ، لە كاتی شەڕی داعش هاتنە كەركوك، بەشەكەی دیكەشی لە چوارچێوەی تەعریبی نوێیە ئەوەی كە پارێزگاری بەوەكالەت پێی هەستاوە.

لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی لە كەركوك، وتی: هێنانی ئەم عەرەبانە بۆ تێكدانی دیمۆگرافیای ناوچەكە و پێشێلكردنی ماددەی 140 ی دەستوورە، ئەمەش بە تەعریبكردنی نوێی ناوچەكە دادەنرێت، ئەوەی حزبی بەعس نەیكرد ئەم ئیدارەیەی ئێستای پارێزگای كەركوك دەیەوێت تەواوی بكات.

وتیشی: بۆئەوەی ئەم عەرەبە هاوردانە لەكاتی دەنگدان بەكارنەهێنرێن بۆ كاری ساختەكاری و مافی دەنگدانیان نەبێت، پێویستە هێز و لایەنە كوردییەكان لە چوارچێوەی یاسا و بڕیارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، هاوكات چاودێری چڕی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن، لەم خاڵەدا كورد و توركمان هاوڕان كە تەعریبێكی نوێ‌ دەستی پێكردووە لە شاری كەركوك.

كەركوك بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن كراوەتە سێ‌ بازنە، بازنەی یەك چوار كورسییە و بۆ كورد یەكلایی بووەتەوە و بازنەی سێ‌ كە دوو كورسییە بۆ عەرەب یەكلایی بووەتەوە، ململانێ و كێبڕكێكە زیاتر لە ناو بازنەی دوو دا دەبێت كە بازنەیەكی فرە رەنگە و هەموو پێكهاتە و لایەنەكانی تیایە، گریمانە دەكرێت كورد لەو بازنەیەش دوو كورسی بەدەست بهێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا