هەواڵێکی دڵخۆشکەر لە بایدنەوە بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم دواییانەدا ئەمریکا ئامادەیی سەربازی خۆی لەرۆژئاوای کوردستان پتەوکرد، ئەم هەنگاوەش دژی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا بوو کاتێک وتیان، نیازیان هەیە پارێزگاری لەژمارەیەکی دیاریکراوی هێزەکانیان بکەن لەناوچەکە ئەویش بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی رێکخراوی چەکداری داعش.

چاودێرانی دۆخی سوریا دەڵێن، پێدەچێت ئیدارەی جۆ بایدن بڕیاریدابێت رۆژئاوای کوردستان جیا بکاتەوە لەو پلانەی دایناوە بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەمیان بەپەرۆشی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئیدارەی خۆسەری کورد، دووەمیش رێگەنەدان بە ئێران و “میلیشیاکانی” بۆ زیاتر داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و توندکردنی چنگیان لەو ناوچانە.

بەبڕوای چاودێران داگیرکاری ئێران لێکەوتی کارەساتئامێزی هەیە نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵکو بۆ هاوپەیمانە ستراتیژییەکان لەناوچەکە، لەپێش هەمووشیان ئیسرائیل.

ئەمریکا دەیەوێت پارێزگاری لەئامادەیی سەربازی خۆی بکات لەڕۆژئاوای کوردستان

لەماوەی رابردوودا ئەمریکا لەچوارچێوەی پلانی دووبارە دابەشکردنەوەی هێزەکانی لەسەر ئاستی جیهان، لەزیاتر لەوڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەیەکی بەرچاوی هێزەکانی کەمکردەوە.

دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا  لەرۆژئاوای کوردستان دوای ئەو هێرشانە دێت، کە بوونە هەڕەشە بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە، بەتایبەتی لەپارێزگای دێرەزووری دەوڵەمەند بە نەوت و گاز.

دێرەزوور لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات، لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا کە میلیشیاکانی ئێران پشتیوانیان دەکات، دەسەڵاتی بەسەرداگیراوە.

رۆژی دووشەممە، ئاژانسی سانا بڵاویکردەوە، کاروانێکی نوێی سەربازی ئەمریکا بەچەک و هاوەن و پێداویستی لۆجستییەوە، لەخاکی عێراقەوە چووەتە رۆژئاوای کورستان و بەرەو پارێزگای حەسەکە رێڕەوی گرتووە.

رۆژی 7ی ئەم مانگەش، هێزەکانی ئەمریکا کاروانێکی دیکەی سەربازیان ناردە رۆژئاوای کوردستان، لەو کاروانەدا بارهەڵگری نەوت و بارهەڵگری ساردکەرەوە و چەند کەرەستەیەکی دیکەی سەربازی هەبوون، بەمەبەستی پتەوکردنی بنکەکانیان لەناوچەکە.

بایدن جیاوازتر لەترەمپ، لەبابەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت

چاودێران وای دەبینن، ئیدارەی جۆ بایدن جیاوازتر لەئیدارەی پێشووی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، لەبابەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت، بەتایبەتی کە پێیوایە دۆخی ئێستای ئەو ناوچەیە وا دەخوازێت ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا پتەوبکرێت.

لەمانگەکانی کۆتایی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان کەمکرایەوە و ژمارەیەکی زۆریان گوێزرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو بەشەشی کە مایەوە، ئەرکی ئەوەبوو کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی دێرەزوور و رەقە بپارێزێت.

چاودێران دەڵێن: ئامانجی زیاکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا لەسنوردانان بۆ ئێران و پشتیوانیکردنی پلانی کوردەکاندا کورتنابیتەوە، بەڵکو ئامانجێکی دیکەی فشارخستنەسەر رژێمی بەشار ئەسەدە، کە لەم دواییانەدا ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکای بە “داگیرکاری” وەسفکرد.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی چەکدارانی داعش، ئەمریکا دەیەوێت پارێزگاری لەئامادەیی سەربازی خۆی بکات لەڕۆژئاوای کوردستان.

لایخۆیەوە جۆی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، “دەمانەوێت ئامادەیی سەربازی خۆمان لەڕۆژئاوای کوردستان بە یەک ئامانج پتەوبکەین، کە ئەویش روبەڕوبوونەوەی چەکدارانی داعشە”.

وتیشی: ئەمریکا تەنیا هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە داعش نادات، بەڵکو دەیەوێت چارەسەری دۆخە مرۆییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش بکات.

لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا، چوار جار هێرشکراوەتەسەر بنکە و خاڵەکانی پشکنینی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان، کە مەترسیدارترینیان کێڵگەی نەوتی عومەر بوو کە تیایدا هێرشکرایەسەر گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا.

27ی ئەم مانگەش، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردەسەر بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی لەسنوری عێراق و سوریا، ئەوەش وەڵامێک بوو بۆ ئەو هێرشانەی کرانەسەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا