چین و ڕوسیا ژێرخانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بە ئامانج دەگرن

پۆلەتیک پرێس_

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا دەڵێت، هاککەرەکانی سەر بە حکومەتی چین بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی هەڵبژاردنەکان دەکەنە ئامانج.

ڕۆژی هەینی ئۆفیسی بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا وتی ” چین کار لەسەر فراوانکردنی هەوڵەکانی دەکات و ڕوسیاش دەیەوێت دژی کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکان جۆ بایدن کاربکات.” بەڵام بەدیاریکراوی چینی تۆمەتبار نەکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی دژی سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.

ڕۆبەرت ئۆبراین بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وت، “دەیانەوێت سەرۆک ترامپ بدۆڕێت، چین وەکو ڕوسیا و ئێران، دەستی هەبووە لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکان و فێڵکردن و ئەو کارانەی دیکەی پەیوەست بە ژێرخانی هەڵبژاردنەکانمانەوە”.

بڕیارە مانگی یانزەی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی چل و شەشەمی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک ئەنجامبدرێت، دیموکراتەکان بە بەربژێری جۆ بادین و کۆمارییەکانیش بە بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.

چین هەمیشە ئەم جۆرە تۆمەتانەی ئەمەریکای ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت دەستی نەبووە لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکان بۆ سەر کۆمپانیا و سیاسەتمەدار و دەزگا حکومیە ئەمەریکییەکاندا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا وتی ” هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەیە و هەوڵی ئەوە نادەین دەستوەربدەین تیایدا.”

ئۆبراین ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا کۆمەڵێک هێرشی ئەلیکترۆنی بینیوە تیایاندا هەوڵدراوە ماڵپەڕەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و بەڕێوبەرایەتی هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هاک بکەن و زانیاریی هاوڵاتیانی ئەمەریکی کۆبکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ” نیگەرانیەکانمان تەنها لەسەر ڕوسیا نەوەستاوە، دەرەنجامی زۆر خراپ دەبێت لەسەر هەر وڵاتێک هەوڵبدات دەست وەربداتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە.”

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا