پۆڵەتیك پرێس
ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا داوا لە سەرۆكی نوێی وڵاتەكەیان دەكەن، نەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، 52 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران داوایان كردووە جۆ بایدن نەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە پێشتر ترەمپ لێی كشابوەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، فشاری سیستمە حكومڕانیەكەی ترەمپ بۆ سەر ئێران گۆڕانكارییەكی زۆری هاوسەنگی هێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردووە، هاوكات پەیوەندی نێوان ئەمریكا و ئیسرایلی بەهێز كردووە.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران داوایانكردووە، بایدن بەردەوامی بەفشارەكانی بۆ سەر ئێران بدات، هەروەها بەپێویستی دەزانن ئەمریكا ستراتیژییەكی نوێ بەرامبەر بە ئێران پەیڕەو بكات، چونكە ئەو وڵاتە پشتیوانی لە رژێمە تیرۆریستییەكان دەكات.
ئەو داوایەش دوای ئەوە دێت، لەماوەی رابردودا لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا جۆ بایدن كاندیدی سەركەوتووی دیموكراتەكان بۆ كۆشكی سپی رایگەیاند، ئەگەر سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوا دەگەڕێتەوە بەرنامە ئەتۆمییەكەیان لەگەڵ ئێران.
ساڵی 2015و لەكاتی ئیدارەی ئۆبامادا وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە گەیشتنە رێككەوتن، بەڵام دوای بوونی بە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2018 تاك لایەنە لەرێككەوتنەكە كشایەوە.