پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا هێزەكانیان دەستیان بەسەر 5000 هەزار چەكی بێمۆڵەتدا گرتووەو هاوكات بەڵێن دەدات لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بپارێزێت.
خالید مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگای دەزگای دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکانی باشور بۆ سنووردارکردنی چەک و دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت هەڵمەتێكی ئەنجامداوەو لە ماوەی هەڵمەتەكەدا 5000 چەک لە نێوان سوک و مامناوەنددا دەستی بەسەردا گیراوە.
وتیشی، وەزارەتی ناوخۆ و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لێكتێگەیشتنێكیان واژووكردووە و وەزارەتی ناوخۆ بەڵێنیداوە پارێزگاری لەوێستگەکانی دەنگدان بكات و لەڕێگەی تیمی مۆبایل، پاڵپشتی لۆجستی پێشكەش بەو شوێنانە بكات كە سندوقی دەنگدانیان لێدانراوە و هاوكات ئەمنیەت و ئاسایشیش بۆ ناوەندەكانی دەنگدان دابین بكات.