پۆڵەتیک پرێس
راوێژکارانی تەندروستی بەریتانیا داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەکەن منداڵان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و رایدەگەیەنن دابڕانی منداڵان لە قوتابخانەکان لە توشبوونیان بە کۆرۆنا مەترسیدارترە.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا چەند راوێژکارێکی باڵای تەندروستی لە ئینگلتەرا و سکۆتلەندا و وێڵز و ئیرلەندای باکور پشتیوانی خۆیان بۆ پەیامێکی بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەربڕی کە رایگەیاندبوو گەڕانەوەی منداڵان بۆ قوتابخانەکان لە پێشینەی کارەکانی حکومەت دەبێت.
لەو راگەیەندراوەدا راوێژکارە تەندروستیەکانی بەریتانیا دەڵێن، ” بەڕێژەیەکی زۆر کەم زیان بە منداڵان دەگات ئەگەر بگەڕێنەوە قوتابخانەکان ئەگەر ئەو زیانە بە نەگەڕانەوەی منداڵان بۆ قوتابخانەکان بەراورد بکرێت”.
دەشڵێن، ” بەڵگەکان دەریدەخەن کە دابڕانی منداڵان لە خوێندن و قوتابخانەکان چەندین زیانی جەستەیی و دەروونی بە منداڵان دەگەیەنێت”.
ئاماژە بەوەش دەکەن ، بەڵگەی روون هەیە کە کاتێک منداڵان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن بەشێوەیەکی مەترسیدار تووش نابن و بە دەگمەنیش ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی مردنیان”.