سەرەڕای بەردەوامی ناڕەزاییەكان هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دیارینەكراوە

پۆڵەتیك پرێس
سەرەڕای بەردەوامی ناڕەزاییەكان لەناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دیارینەكراوە، ئەوەش بۆ وەڵامدانەوەی دەنگە ناڕازییەكانی ناو بزووتنەوەكە.

ئێستا فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق چاوەڕێی هەڵوێستی بزووتنەوەكەیانن لەسەر بڕیاری كشاندنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژی رابردوودا بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.

غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان لەو بارەوە بۆ “پۆلەتیك پرێس” وتی: ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن لەسەر ئەو بەیاننامەیەی دەریانكردووە، دوای ئەوەش هەڵوێستی خۆیان دەبێت.

غالب محەمەد، نەیویست لە ئێستادا باسی هەڵوێستی خۆیان بكات لەسەر كاردانەوەی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئاشكرایكرد، ئەوە بەكۆدەنگی نێوان ئەو ئەندامانە دەبێت، كە بەیاننامەكەیان دەركردووە.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رەخنەی توندیان ئاڕاستەی هەڵوێستی حیزبەكەیان‌و بەشدارییان لەحكومەتی هەرێمدا كردو رایانگەیاند، پێویستە بەزووترین كات لە حكومەت بكشێنەوە.

فراكسیۆنی گۆڕان، تەنیا نەبوو لەداواكاری بۆ كشانەوەی بزووتنەوەكەیان لەحكومەتی هەرێم‌و بەشێكی تریش لەئۆرگان‌و بەرپرسانی بزووتنەوەكە ئەو داوایان خستبووە بەردەم جڤاتی نیشتمانی، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی ئەو جڤاتەكە رانەگەیەنراوە، كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانی ناو گۆڕانە.

لەو بارەوە عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ “پۆڵەتیك پرێس” رایگەیاند، ئەوان لەسەر ئەو بابەتە بەیاننامەی حیزبەكەیان دەركردووەو جەختی لەو بەیاننامەیە كردەوە، كە بزووتنەوەكەیان رایگەیاندووەو وتیشی: هیچ بڕیارێكی نوێ لەسەر ئەو پرسە لەلایەن گۆڕانەوە لە ئارادا نییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا