بۆ رۆژی دووەم مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی گردبوونەوە

پۆڵەتیك پرێس

بەهۆی بەهەمیشەیی نەكردنیان بۆ رۆژی دووەم مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای دامەزراندن دەکەن.

رۆژی یەكشەممە، 16ی ئایار بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیان و مامۆستایاندا كرانەوەو پرۆسەی خوێندن بەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا دەستیپێكردەوە.

دوای دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، مامۆستایانی وانەبێژ بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد و لەژمارەیەك لە شار و شارۆچكەكان گردبوونەوە.

ئەمڕۆش چوارشەممە، جارێكی دیكە مامۆستایانی وانەبێژ چونە بەردەم بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و رایانگەیاند “داوای دامەزراندن دەکەین و هەمان ئەرکی میلاکمان هەیە و %٨٥ بۆ %٩٠ی کەرتی پەروەردە مامۆستای وانەبێژ رایگرتووە ئێمە ئەرکێکی زۆر و مافێکی کەممان هەیە”.

ئەو مامۆستایانە داوایان لە حكومەتی هەرێم كرد، بەدەم داواکاریەکانیانەوە بچێت، ئەگەرنا لە بایكۆتكردن بەردەوام دەبن تا وەڵامیان دەدرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ مامۆستایانی وانەبێژ لە كۆیە، پێنجوێن، ڕانییە و كەلار و سەیدسادق دەستییان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان كردووە، لەچەند شوێنێك خێمه‌یان هەڵداوەو بایكۆتكردنی هۆڵه‌كانی خوێندنیان راگەیاند.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا