دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان بە مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەری گرێبەست دوا دەخرێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دانیشتنی رۆژی 2ی حوزەیران كە تایبەتبوو بە پرسی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ‌ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان بە بیانووی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دوای ئەوەی لە 25ی ئایار لە دانیشتنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داوای دانیشیتنێكمان كرد لەسەر پرسی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ‌ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا 2ی حوزەیران دانیشتنێكی تایبەت رێكدەخەن بەو پرسانە بە ئامادەبوونی وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەڵام ئێمە داوای زیادكردنی وەزیری داراییشمان كرد.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: ئێستا بەبیانووی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی بەهۆی چوونی بۆ بەغدا، بەبێئەوەی پەرلەمانی كوردستانی ئاگاداركردبێت، دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

وتیشی: ئێمە پێمان وایە ئەوە تەنها بیانووە ، چونكە پێدەچێت هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكە پەیوەندی بە بابەتی لێبڕینی مووچەوە هەبێت كە ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان داوامانكردووە ئەو بڕیارە هەڵبووەشێتەوە.

رۆژی 25ی ئایار لە دانیشتنی ژمارەی 14 ی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 56 ئەندامی پەرلەمان واژۆیان كۆكردەوە و داوایانكرد دانیشتنێكی پەرلەمان تەرخان بكرێت بە بڕیاری لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک