پەرلەمانتارێكی عێراق لەسەر سزادراوانی بادینان هاتە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: كەیسی سزادراوانی بادینان دەری خست دەسەڵاتی دادوەری تا سەر ئێسقان بە سیاسی كراوە و لە ژێر فشاردایە، لە ناو دادگادا پێشێلی گەورەی یاسایی بەرامبەر ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانە كراوە.

موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: كەیسی سزا دراوانی بادینان دەریخست چەندە دەسەڵاتی جێبەجێكردن تێوەگلاوە لە گەندەڵی و ناكارایی حوكمڕانی و چەندە پەرلەمان خاڵیكراوەتەوە لە مەعنای حەقیقی خۆی كە بتوانێت بە یاساكانی سنور بۆ حكومەت دابنێت، ئەم كەیسە دەریخست دەسەڵاتی دادوەریش تاسەر ئێسقان بە سیاسی كراوە و لە ژێر فشادرایە و لە ناو دادگا پێشێلی گەورە یاسایی بەرامبەر ئەو چالاكوان و رۆژنامەنووسانە ئەنجام دراوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسا دانان و دادوەری خەریكە دەبنە مایەی بێ‌ ئابڕووی بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان ” ئەو قەوارەیەی بە خوێن و خەباتی هەموومان هاتووەتە دی”.

ئەوەشی خستە ڕوو، بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە بە شێوازێكی زۆر روون دەریدەخات كە بڕیارێكی سیاسییە.

وتیشی، لە قۆناغی لێكۆڵینەوە هەڵەی زۆر كراوە، دەبوو دادگای تاوانەكان رێگەی نەدایە بەو شێوەیە بڕوات چۆن پشت دەبەستیت بە دان پێدانانێك تۆمەتبار هاوار دەكات دەڵێت هەڕەشەی نامووسمان لێكراوە و لێمان دراوە چۆن دان پێدانانێكی ئاوا نرخی یاسایی دەمێنێت، ئەوەی دادگای تاوانەكان كردوویەتی پێچەوانەی یاسایە.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق روونیشیكردەوە، چۆن دادگا لەسەر بنەمای سەردانی كونسوڵخانەی ئەڵمانیا و ئەمریكا و یارمەتی وەرگرتن لێیان بڕیار دەدەات عەیب و شەرم نیە بڵێی ئەمە تاوانە؟ بۆ كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا كونسوڵخانەی داعشن؟ ئەمریكا و ئەڵمانیا بوون بە داعش و سەرچاوەی مەترسی ئەمنی لەسەر كوردستان؟ یان پەیوەندیت هەبێت لە گەڵ رێكخراوێك لە سوید نەك لە رەققە، ئەمە بووبە بەڵگەی تاوان كە ئەمە تاونبارن یان تیرۆرستن؟

لە كۆتاییدا داوا دەكات لەو دەستەیەی دیاری دەكرێن بۆ پێداچوونەوە بەم بڕیارە لە بەر خوا و خەڵكی كوردستان و خاتری مانگی رەمەزان و لەبەرخۆیان و ئاییندەی خۆیان ئەم بڕیارە هەڵبوەشێننەوە و ئەم گەمەیە كۆتایی پێ بهێنن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا