كونسوڵخانەی ئەمریكا و پارێزەرانی سزادراوانی بادینان كۆبوونەوە

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان رایگەیاند، لەگەڵ كونسوڵخانەی ئەمریكا لەسەر دۆسیەی سزادراوانی بادینان كۆبونەتەوە، باسی لەوەشكرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەكان لەسەر ئەو دۆسیەیە چڕبوونەتەوە.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سزادراوانی بادینان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەمڕۆ 27 ی ئایار لەسەر دۆسیەی سزادراوانی بادینان لەگەڵ كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كۆبوونەتەوە.

ناوبراو ئامادەنەبوو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرابكات.

دەربارەی قۆناغی راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە بە پەسندكردنی بڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر بەشدار حەسەن وتی: قۆناغی راستكردنەوەی بڕیارەكە، كاتێكی دیاریكراوی نیە هاوشێوەی بڕیاری دادگا كە ماوەی 30 رۆژ لەبەردەستدادەبێت بۆ تانە لێدان.

باسی لەوەشكرد، قۆناغی راستكردنەوەی بڕیارەكە پێشدەخرێت بەوپێیەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەوڵەكان چڕبوونەتەوە بۆ ئازادكردنی سزادراوانی بادینان.

روونیشیكردوە، بڕوای وایە پێش جەژنی قوربان دادگای پێداچوونەوە بڕیارێك لە بەرژەوەندی سزادراوان دەربكات.

لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگریكار لە سزا دراون، داوای پێداچوونەوە(تەممیز)ی بڕیارەكەیان كرد بەڵام دادگای پێداچوونەوە لەسەرەتای مانگی ئایار بڕیاریدا بە وەڵامدانەوەی داواكە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگا تاوانی دووی هەولێر سەبارەت بە سزادانی بەندكراوان.

لە ئێستادا بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە قۆناغی (راستكردنەوەدایە).

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا