“پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لە هەرێم هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی”

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، قەوارەی هەرێم تەنها پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، ئەگەر هەڵسوكەوتی هەرێم بەجۆرێك نەبێت لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی بگونجێت ئەو پشتیوانیە لە دەست دەدەین و قەوارەی هەرێم مەترسی جدی لەسەر دروست دەبێت.

موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بارەی هۆشدارییەكەی جنێن پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: مەترسی هەر هەبووە لە سەر قەوارەی هەرێم چونكە ئێمە دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین، بەڵكو پشتیوانی نێودەوڵەتی توانیویەتی ئەم قەوارەیە بپارێزێت، هەڵسوكەوتی هەرێم بە جۆرێك نەبێت لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی بگونجێت، ئەو پشتیوانیە لەدەست دەدەن ئەو كاتە مەترسی جدی لەسەر هەرێم دروست دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: دەبێت هەڵسوكەوتی ناوخۆیی و دەرەكیمان دژ نەبێت لەگەڵ ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە ئێمە، بەداخەوە سلكوی حكومەتی هەرێم بە جۆرێكە بینیمان لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان لە هۆكاری سزادانی ئەو كەسانە، دادوەرەكان باسی پەیوەندی لەگەڵ كونسوڵگەری ئەمریكا و ئەڵمانیا دەكەن، ئەمەش تۆمەتباركردنی راستەوخۆی ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەیە كە كاری تێكدان ئەنجام دەدەن لە هەرێمی كوردستان ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كەم بوونەوەی ئاستی هاوسۆزی نێودەوڵەتی.

روونیشیكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر پێشێلكارییەكی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی و مافی مرۆڤ ئەبێتە هۆكارێك بۆ ساردبوونەوە لە پشتیوانی پێویستی ئەزمونی گەلی كوردستان.

رۆژی چوارشەممە، 19 ی ئایار جێنین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق هۆشداری ئەوەیدا بە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە مەرج نیە ئەم قەوارەیەی ئێستای هەرێم تا هەتایە بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، دادگای پێداچوونەوە لەسەرەتای مانگی ئایار بڕیاریدا بە وەڵامدانەوەی داواكە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگای تاوانی دووی هەولێر سەبارەت بە سزادانی بەندكراوان ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا