باڵیۆزی وڵاتان سەرکۆنەی کوشتنی چالاکوانە عێراقییەکە دەکەن

پۆڵەتیک پرێس

هەریەک لە باڵیۆزانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا سەرکۆنەی کوشتنی ئیهاب وەزەنی چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی عێراقییان کرد کە لە شاری کەربەلا کوژرا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ ی ئایاری ٢٠٢١، بەیاننامەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاندووە، بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی کوشتنی ئیهاب وەزەنی دەکەین، بێدەنگکردنی کەسانی سەربەخۆ جێی قبووڵ نییە، ئەمریکا بەتەواوی هاوسۆزە لەگەڵ خانەوادەکەی”.

دەشڵێت، “بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئەوانەی بۆ داهاتووی ئاشتی و درەوشاوەی عێراق تێدەکۆشن”.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ  ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەرکۆنەی کوشتنی چالاکوانەکەی کرد و لە پەیامێکیدا وتی، ” بە توندترین شێوە سەرکۆنەی کوشتنی ئیهاب وەزەنی دەکەم، پێویستە ڕێوشوێنی کاریگەر لەبارەی تاوانەکانەوە بگیرێتەبەر، پێویستە هاوڵاتیانی عێراقی بپارێزرێن لەکاتێکدا خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر ئامادە دەکەن”.

ئۆلریک شانۆن، باڵیۆزی کەنەدا پەیامێکی لەبارەی کوشتنی وەزەنییەوە بڵاوکردەوەو بە توندی سەرکۆنەی کوشتنی دەکات و داوا لە دەسەڵاتداران دەکات لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکەن.

شانۆن لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ” بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی کوشتنی ئیهاب وەزەنی دەکەم، ناکرێ تیرۆر کۆمەڵگەی مەدەنی تێکبدات و سەلامەتی کاندیدان پێش هەڵبژاردن بخاتە مەترسییەوە، کەنەدا پشتیوانی عێراقییەکانە لە گۆڕانکاری ئاشتیانە لە چوارچێوەی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف”.

ئیهاب وەزەنی، چالاکوانی دیاری عێراق و ئەندامی دەستەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩  لەهێرشێکی چەکداریدا لەناوچەی حەداد لەکەربەلا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بەپێی تویتی یەکێک لەچالاکوانەکان کە ناوی عومەر جەنابییە، ئیهاب وەزەنی بەرپرسی هەماهەنگی کەربەلا بووە لەخۆپیشاندانەکان و یەکێک بووە لەدیارترین چالاکوانە مەدەنییەکانی خۆپیشاندانی جەماوەری پارێزگای کەربەلا و عێراق.

هاوکات، ژمارەیەک چالاکوانی عێراقی میلیشیاکانی سەربە ئێران تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی ئیهاب وەزەنی و بەئامانجگرتنی چالاکوانانی عێراق.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وە سەدان خۆپیشاندەری عێراقی کوژراون، ئامارەکانی حکومەت ئاماژە بە کوژرانی ٥٦٠ کەس دەکەن، بەڵام چالاکوانان دەڵێن ژمارەی کوژراوان نزیکەی ٨٠٠ کەس دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا