زیاتر لە 30 ساڵە لەعێراق و هەرێم هیچ بەنداوێكی گەورە دروستنەكراوە

پۆڵەتیك پرێس

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، هەرچەندە دروست كردنی به‌نداو بۆ گه‌شتوگوزار وبواری ئابوری و چه‌ندان بواری دیكەی گرنگه‌ به‌ڵام لەهەرێمی كوردستان وعێراق هیچ گرنگیەكی پێنه‌دراوه‌.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، دروستكردنی بەنداو بەگشتی
ژینگه‌یه‌كی گونجاو به‌رهه‌م دەهێنێت و زیاتر سه‌رنجی گه‌شتیاران راده‌كێشێت ئەوەش وادەكات دروستكردنی به‌نداوه‌كان چالاكی و جموجۆڵی گه‌شتیاری زیاد بكەن و سودی گەورە بە ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان بگەیەنێت.

وتیشی، دروستكردنی بەنداوی گەورە دەبیتە سه‌رچاوه‌ی به‌هێزكردنی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار له‌ عێراق به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستان بەتایبەتی بەڵام گرنگی پێنه‌دراوه‌ و ساڵ لەدوای ساڵ پشتگوێ خراوە.

نادر روستی راشیگەیاند، بەهۆی نەبوونی بەنداوی پێویست له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ سه‌رجه‌م ئاوی باران به‌فیرۆ ده‌ڕوات ئەوەش وادەكات هەرێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی وشكه‌ ساڵیدا بێت و ئاینده‌ی هەرێمیش له‌ مه‌ترسیدا بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە‌نداوی موسڵ 1986 دوا به‌نداوی ستراتیژی بووكه‌ 35 ساڵ لەمەوپێش لە لایەن عێراقەوە دروست كراوە دواتر هیچ گرنگییەك بەدروستكردنی بەنداوی گەورە نەدراوە لەكاتێكدا توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ دروستكردنی به‌نداوی ستراتیژی ئەوەش كاریگەری خراپ دەكاتە سەرداهاتووی ئاو لەعێراق بەگشتی.

بەوتەی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم، هەرچەندە بەردەوام باس لەدروستكردنی ژمارەیەكی بەرچاو لەبەنداوی گەورەو بچوك دەكرێت بەڵام ئەوەی هەیە لەئێستادا بەرنامەی حكومەتی هەرێم و عێراقیش دروستكردنی بەنداوی تێدانییە لەكاتێكدا دەبوو بەشێوەیەكی بەرچاو گرنی پێبدرایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا