هەرێمی كوردستان لەكوێی گفتوگۆكانی كازمی‌و ترامپ-دایە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئاب، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا میوانداری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێك لەوانەش لایەنی ئاسایش و بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵات.

بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بەر لە كۆبوونەوەكە بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەبەر ئەوەی كار بۆ بەدیهێنانی بوژاندنەوەی ئابووری دەكەین و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی دەستوەردانە بیانییەكان بۆ كاروباری ناوخۆی وڵاتەكە دەدەین، بۆیە باشكردنی پەیوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بەیەكێك لە بابەتە گرنگەكانی كۆبوونەوەكە هەژمار دەكرێت.

ئەمریكا نزیكەی پێنج هەزار سەربازی لە عێراقدا هەیە، كە كاریان رووبەروبوونەوەی تیرۆر و راهێنانكردنە بە هێزەكانی ئاسایشی وڵاتەكە، لەو بارەیەشەوە بەرپرسەكە ئاماژەی بەوەكرد، هیچ پلانێكی نزیكەیی و خێرای كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق نییە، ئەم بابەتەش دەبێتە یەكێك لەوانەی لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هاوكات، داواكارییەكانی عێراق لەرووی ئاسایشەوە هەڵدەسەنگێنین‌و دواتر بڕیار دەدرێت ئایا ئەمریكا دەتوانێت جێبەجێیان بكات یاخود نا؟

بابەتێكی دیكەی خشتەی كاری كۆبوونەوەكە، بەپێی راگەیەندراوەكەی كۆشكی سپی پەیوەندیدارە بە هەرێمی كوردستان، كە بەرپرسەكەی ئەمریكا كوردی بەپێكهاتەیەكی گرنگی عێراق لەقەڵەمیدا و رایگەیاند، “خاڵی گفتوگۆكەمان لەم سەردانییەدا، دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئەو سەرچاوانەی بۆ حكومەتی ناوەند لە بەغدا تەرخانكراون رێگایەك دەدۆزنەوە بەرەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش.

 

بابەتێكی دیكەی خشتەی كاری كۆبوونەوەكە، بەپێی راگەیەندراوەكەی كۆشكی سپی پەیوەندیدارە بە هەرێمی كوردستان

 

باسی لەوەشكرد، لەسەر دابەشكردنی ئەو سەرچاوانە رێككەوتن كراوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە هاوكێشەكەو دەبێت پشكی خۆی لەبودجەی عێراق‌و سەرچاوەكانی داهاتی لەو وڵاتەدا هەبێت.

مستەفا كازمی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت،، لەو كاتەدا، كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتەكە لە دۆخێكی نائارامدا بوو، بەتایبەت دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی ئەمریكا لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا و كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی، كە وای لەهێزە شیعەكان كرد داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەن.

بەر لە كۆبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەممەی كۆشكی سپی، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چەند دۆسییەیەكی دیبلۆماسی و ئەتۆمی، پەروەردەو ئاسایش و پەیوەندییە كلتورییەكان، چاوی بە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كەوت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، هەردوو دەوڵەتەكە لەگەڵ دامەزراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان رێككەوتن دەكەن بەمەبەستی برەودان بە لایەنی ئابووری و یارمەتیدانی عێراق بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەكچۆن لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، هەردوولایان ویستییانە چاكسازی لە بازرگانی و وەبەرهێناندا بكەن و كار بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و گازی ناوخۆیی لەعێراقدا دەكەن.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لەلایەنی عێراقی كرد، كە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرن

 

ئەوەش هاتووە، هەردوو وەزارەتەكە درك بەوە دەكەن، كە گەیشتنی رێكخراوە مرۆییەكان بۆ ناو عێراق كارێكی پێویستە، رۆژی چوارشەممە ١٩ی ئاب، پۆمپیۆ رایگەیاند، ئەمریكا بڕی ٢٠٤ ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی پێشكەشی هاووڵاتیان و ئاوارە و كۆمەڵەكانی ناو عێراق دەكات.

پۆمپیۆ داوای لە بەرپرسانی عێراق كرد، كۆنتڕۆڵی ئەو هێزە چەكدارانە بكەن، كە نزیكییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، لەگەڵ ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر، عێراق سەركەوتنی خۆی بەسەر هێزە چەكدارەكانی داعشدا راگەیاند، بەڵام هێشتا ئەم شانە نوستووانە لەناوچەكانی باكووری عێراقدا چالاكیان هەیە و لە هێرشەكانیان بەردەوامن.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لەلایەنی عێراقی كرد، كە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرن‌و جەختی لەوەش كردەوە، ئەمریكا پشتگیری چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا