قۆناغی گواستنەوە بەرەو یەكسانی

نێرینە و پیاوەتی، دوو دەستەواژەی جیاوازن، هەرچەندە هەندێ كەس تێكەڵیان دەكەن و جیاوازی لەنێوانیاندا ناكەن.

نێرینە؛ خەسڵەتێكە لە كاتی لەدایكبوونی كەسەكەدا دەردەكەوێ، كۆئەندامی زاووزێ و هەندێ جیاوازیی جەستەیی و فیزیكی دەیكات بە نێر، بەڵام پیاوەتی كۆمەڵە خەسڵەتێكە بەهۆی پەروەردە و هەڵوێست و پرنسیپەكانی رەوشت و توانا و هێز بەدەستدەهێنرێن. هەروەها دەستەواژەی پیاوەتی لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر، لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازن و دەگۆڕێن.

لە كوردەواریدا؛ پیاوەتی مانای بەهێزی و توانا و ئازایەتی و هەڵوێست وەرگرتن و ئامادەبوونیان لە كاتی رووداو و كێشە و زەحمەت و لێقەومانەكاندا، یان دڵفراوانی و دەستكراوەیی و میواندۆستی، یاخود پێشەوایی و بڕیاردەر و رابەرایەتیكردن بە شێوازێكی پەسند. ئەمانە و دەیان خەسڵەتی تر، نێرینە دەكات بە پیاوی ناو پیاوان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نەتوانراوە هاوڕایی لەسەر یەك بۆچوون و پێناسە بكرێت.

نێرسالاریی، خەسڵەتێكی ترە، توندوتیژی و دەمارگیری و خۆسەپاندن و خۆبەزلزانین و…هتدە، بەتایبەتی بەرانبەر بە رەگەزی مێ.

لە لایەك بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی بەهۆی پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا و جیهانگیری و خوێندن بەدەستهاتوون، لە لایەكی تریش بەهۆی داڕمانی دەیان كولتوور و بارگرانیی ژیان و ئابووریی ناجێگیر و چوونی ژنان بۆ گۆڕەپانی كار و پێشبڕكێ لەگەڵ پیاواندا، وایانكردووە تێگەیشتنەكان سەبارەت بە یەكسانیی نێر و مێ و ئەركەكانیان گۆڕانكارییان بەسەردا بێ و بەرەو قۆناغێكی تازە هەنگاو بنێن. هەرچەندە سەرەتایە، بەڵام دیاردەكان دەركەوتن و دەتوانین بڵێین قۆناغی وەرچەرخانە، قۆناغی گواستنەوەیە بەرەو یەكسانبوون لەنێوان هەردوو رەگەزەكەدا.

ئەو دیاردانەی كە دەركەوتوون، سەرەتای ئەو گواستنەوەیەیە و بەهۆیانەوە دەیان چەمكی تازە هاتوونەتە ئاراوە، لەوانە: چەمكی جێندەری، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ و مافی ژنان و…هتد. هەروەها دەیان رێكخراوی خۆجێیی و نێودەوڵەتیی لەم بوارەدا پەیدا بوون. شەڕە لەنێوان كولتووری نێرسالاری و دەسەڵاتیان بەسەر مێیینە و بەدەستهێنانی مافەكانی ژنان و هەنگاونان بەرەو یەكسانبوون، (وڵاتە پێشكەوتووەكان هەنگاوی باشتر و زیاتریان ناوە بۆ ئەم مەبەستە، بۆیە دەبینین ژنان زیاتر چوونەتە ناوەندەكانی دەسەڵات و پیشە و ئەركی گرنگیان لەئەستۆ گرتووە).

دەبینین لایەنە دژەكانی یەكسانبوون و هاتنی ژن بۆ نێو گۆڕەپانی پێشبڕكێ، دژایەتی دەكەن و توندوتیژتر دەبن بەهۆی مەترسیی لەدەستدانی دەسەڵات، كە وەك هەموو دەسەڵاتێكی تر، دژایەتی گۆڕانكاری دەكرێت تیایدا. دەشبینین لە كەناڵ و دەزگاكانی راگەیاندن چۆن هەندێ لەو دژانە بە ناووناتۆرەی خراپ و هاندانی كەسانی تر چ بەناوی ئایین و شەرعەوە یان بەناوی كولتووری پاتریاكیەت و ئەقڵیەتی نەریتخوازییەوە، لەو رێگەیەوە دەیانەوێت هەست و سۆزی خەڵك بەشێوەیەكی مەبەستدار ببزوێنن. هەندێ جاریش گوێمان لێ دەبێت دەڵێن پیاوەتی نەماوە. ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە، پیاوەتی وەك خۆی ماوە، ئەوەی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە؛ پێناسە و بنەماكانیەتی. یاخود هەندێ جار پیاوان هەست بە لاوازیی دەكەن، ئەم دیاردەیەش لاوازیی نییە، بەڵكو بەهۆی وەرچەرخانی قۆناغەكەیە كە ئەم جۆرە هەستانە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئەوان رێگر دەبن، بەڵام ژنان دەبێ هوشیارانەتر بیر بكەنەوە، دەبێت هەوڵبدەن دژەكان كەم بكەنەوە و دۆست بۆ پرۆژەی یەكسانیبوون پەیدا بكەن، نەك دژایەتی بكەن.

ژنان دەبێ بزانن لە قۆناغی وەرچەرخاندا ئەمانە دیاردەی سروشتین و دەبێ پشوودرێژ بن. پیاوانیش دەكرێت خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانەدا بگونجێنن.

چیتر پیاو شمشێر بەدەست و ژنانیش كۆیلە نین، چیتر باوك لە دەرەوە نییە و ژنانیش لە پشت تەباخ. ژیانی ئێستا هاوبەشییە، بەیەكەوە بڕیارەكان دەدەن، هەردووكیان لە مەیدانی كاردان و كاری ماڵ بەیەكەوە ئەنجام دەدەن.

ئەم وەرچەرخانە، تەنانەت گۆڕانكاریی بەسەر شێوازی جلوبەرگ و ستایلی ژیان و رووخساریشدا هێناوە و هاوبەشیی زۆری پەیدا كردووە. قۆناغەكە وا دەخوازێ بەیەكەوە و شانبەشانی یەكتری كۆمەڵگەیەكی تەندروست لەسەر بنەمای رێزگرتن لەیەكتری بەدەستبهێنن و توانای یەكتری بەهەند وەربگرن و چیتر دژایەتی یەكتر نەكەن.
ئەمە قۆناغی سەرەتاییە و هیی باشتر لەپاشترە.

نەرمین عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا