شارستانێتەکان شەڕیانە لە پەیکەری هێلی لۆڤ و مەلاکاندا

 

ساموێل هەنتینگتۆن لە بیردۆزەکەیدا بەناوی “پێکدادانی شارستانێتەکان و داڕێژانەوە فرمانی جیهانی” دەڵێت، شوناسی کلتووری و ئاینی خەڵکی دەبێتە هۆی سەرچاوەی سەرەکی ناکۆکیکانی دوای جەنگی سارد. واتا تەواوی گرژی و ناکۆکی و ململانیکان بەهۆی ئاین و کلتوورەوە دروست دەبێت.

ساموێل بڕوای وایە، قۆناغی ململانی ئایدەلۆژی بەسەر چووە و جیهان دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی شەڕ و ململانی کلتووری و ئاینی. واتا ئاینە جیاوازەکان و کلتوورە جیاوازەکان پەلاماری یەکتر دەدەن بۆیە ساموێل لە بەرزترین پلەی ئەم شەڕەدا ناوی لێناوە پێکدادانی شارستانێتە جیاوازەکان.

لە هەرێمی کوردستان دوو شارستانێت شەڕیانە لە ئاستی “بیر، وتار و ڕفتار”، شارستانێتیکی غەمگینی ئاینی و ترادیشناڵی ئیسلامی و شارستانێتیکی شادی مەسیحی-ئابووری و مۆدێل. ئیسلام کە نوێنەرایەتی جیناتیکی ڕۆژهەڵاتی غەمگین دەکات دەیەوێت تاک و کۆمەڵگا جڵەو بکات و مێژووی کلتووری دوای دەرکەوتنی ئیسلام لەنێو بیر و وتار و ڕفتاری تاکدا ڕەنگ پێبداتەوە، کەواتە ئیسلام کۆد دەچێنێت. مەسیحێتی خۆ-داشەری پشت سیستەمی سەرمایەداری جیهان کە نوێنەرایەتی جینێتیکی ڕۆژئاوا دەکات دەیەوێت تاک لە هەموو بەها و نۆرم و عاداتاتێکی کۆمەڵایەتی داماڵێت و دی-کۆدین بکات و بەرەو کلتوورێکی شادی و بێ-دیسپلین بمانبات. ” کێشەیەک هەیە، ئاین دەڵێت ناوەستم و جیهان کۆنترۆڵ دەکەم لە پشتی خودا VS سەرمایەداریش دەڵێت، ناوەستم و جیهان کۆنترۆڵ دەکەم لە پشت ئەنگیزەکانی مەسروفگەری و مادیگەری نێو تاک”. ئاین ڕاماندەگرێت لە هاندانەکان نێو سیستەمی سەرمایەداریVS سەرمایەداری هانماندەدات بۆ خۆ-ڕادەسکردن بە چێژ و کڕین کە ئاین دژیەتی.

مەلاکان کە پۆلیسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خودان، بە جلێکی کلتووری و ئاینەیەوە کە بەهای کلتووری و مێژووی ڕادەگرن هاتونەتە نێو سۆشیاڵ میدیا خەڵکی تیژ دەکەنەوە لەسەر بنەماکانی چاکەکاری و ڕاگرتنی لێشاو حەزی مادی و خۆ-ڕوتنەکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە حەزەکانی ئازادی و خۆ ڕادەست نەکردنی حەز و ئارەزوە بایلۆجیەکانی مرۆڤ و چاندنەوەی کۆدە نێرینەیەکان. هێلی لۆڤ کە بە جلێکی سوور و تەسک و لاشە و ڕوخسارێکی دەستکردی پڕ-سلیکۆنیەوە هاتۆتە سەر سۆشیاڵ میدیا و خەڵکی تیژ دەکات ڕوەو شادی و خۆ-ڕۆتکردنەوە و شای و جوڵەی دژە-کلتوور و ئاین.

بیر و وتار و ڕفتاری مەلاکان غەمگینە و پشت بە سزا و لە قاڵبدانی ئازادی و گرتنەوە حەزەکانی مرۆڤ دەبەستێت، واتا لەسەر ئەم چەند کۆدە ئاینەکەیان بەندە. بیر و وتار و ڕفتاری هێلی لۆڤیش شادە و پشت بە جوڵە و خۆبادان و میکیاجکردن و سلیکۆنکردنە لەش و تێکشکاندنی بەها و نۆرم و ئاین و نەریت و کلتوور دەبەستێت.

پرۆژە و کارگەی مەلاکان هاوردەکراوە و ئەو کاڵایەی کە دەریدەداتە دەرەوە بە فرمانی خاوەن کارگە دەبێت کاڵای تیرۆرستیبێت و دەرەنجام بازاڕی کۆمەڵگا پڕدەبێت لە “تیرۆرستی شاراوە”. پرۆژە و کارگەی هێلی لۆڤ هاوردەکراوە و ئەو کاڵاییە دەریدەداتە دەرەوە بە فرمانی خاوەن کارگە دەبێت هاوڕەگەزباز و دژە-کلتوور و بەها عاداتایکانبێت، کۆمەڵگا پڕ دەکات لە “هاوڕەگەزباز و دژە-کلتووری شاراوە”.

هێلی لۆڤ پارەی پێیە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تاک و کۆمەڵگا دەدات بە ئاستە مادیەکەی و گەنجان ئاڕاستە دەکات و ڕەقس و جوڵەی شادیان پێ دەکات. هۆرمۆنی نێرینەی کردوە بە “پەمەی” و هۆرمۆنی مێینەی کردوە بە “شین” یان باشتر بڵین ڕەگەزەکان دەگۆڕێت و کلتووری تازە دروست دەکات. مەلاکان پارەیان پێنیە و هەوڵی کۆترۆڵکردنی تاک و کۆمەڵگا دەدەن بە وتاری ئایدەلۆژی غەمگین و گەنجان ئاڕاستە دەکات بە سزای نێو قەبر و پرسی دوای مردن. مەلاکان هۆرمۆنی نێرینەی و مێینەی تۆخ دەکەنەوە و دەیانەوێت هەردوو ڕەگەز لەسەر سروشتی خۆیان بن.

ئەم شەڕە گەشتۆتە لوتکە و دەزگا و دامەزراوەکانی حوکمەت هیچ ڕۆڵێکیان نیە لە داکشناوە ئەم شەڕەدا، لە کاتێدا دەبێت دەزگاکان حوکمەت هەردوو چەمک کۆت بەند بکەن و سەرکوتیان بکەن. ئەوە ئێستا پەروەردەی تاک دەکات لەنێو کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان “ئاین و هۆمۆسێکسوالیە”. شەڕەکە لەنێو بیر و وتارەوە چوەتە دۆخی ڕفتار. بەرەی هێلی لۆڤ بۆ ئەوەی دژایەتی ئاین بکەن هەرچی کۆدی کۆمەڵگایە دەیشکێنن و تەنانەت کۆدی ڕەگەزیش! بۆ ئەوەی لە بەرزترین ئاستدا دژایەتی دین بکەن. ئاینش بۆ ئەوە دژایەتی بەرەی ئازادگەری-ناڕێخراو بکات تا ئاستی بە تیرۆرستکردنی-تاک دەڕۆن. “نە شادی ئازادیمان دەوێت و نە غەمگینی ئاین بەڵکو بەرهەمی لۆجیک و ڕاشناڵێت و عەقڵمان دەوێت لە پشت دزەگاکانی حوکمەتەوە.

هەڵۆ ساڵح

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا