پەیامەكانی پشت گەورەكردنی ڕۆڵی سلێمانی و لێدانی بارزانی؟

كورتە فلیمەكەی ئەم دوواییەی ئێرانیەكان، لەسەر ڕۆڵی سلێمانی لە پارێزگاری كردن لە هەرێم بەرامبەر داعش و سوكایەتی بەبارزانی لەم كاتەدا، هەڵگری زیاد لە ئاماژەو پەیامێكە، لەوانەش:

١- بوون و مانەوەی ئێوە بە هەڵوێست و بڕیاری ئێمەوە بەندە، چونكە ناتوانن لەسەر پێی خۆتان بووەستن و بەرگری لە خۆتان بكەن.

٢- هەر كاتێك بمانەوێت دەتوانین هەڕەشەتان لەسەر دروست بكەین و ناچاری پەناهێنانتان بۆ ئێمە بكەین، لەبەر ئەوە بیركردنەوەتان لە دەرچوون لە چوارچێوەی ستراتیژی ئێرانی بێ سودە؟

٣- ئێمە دۆستی راستەقینەتانین و لەكاتی پێویستدا فریاتان كەوتووین نەك توركیاو ئەمەریكا، بۆیە لەسەرە پێچەكاندا بزانن ڕوودەكەنە كوێ و چاوەڕوانیتان لەكێیەو بەرژەوەندی كێ دەپارێزن.

٤- هاوكاری كردنی توركیا لەدەرەوەی دیدو بەرژەوەندی ئێرانی و تێگەیشتنی ئەو بۆ پەكەكەو سیاسەتی عێراقی باجی هەیە.

٥- باس لەدۆستایەتی بایدن و بارزانی دادتان نادات، ئەوە ئێمەین چارەنوسی بارزانی دیاری دەكەین نەك بایدن.

٦- ڕەچاوكردنی دیدو بەرژەوەندی ئێران لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و گرێدراو بە مشت و مرەكانی سەر بودجە.

۷- توندكردنی جەنگی دەروونی ئێرانییەكان كە شارەزاییەكی زۆریان تێیدا هەیە بەرامبەر هەرێم بۆ دوو مەبەست:
أ- زیاتر بێمتمانە بوونی گەلی هەرێمەكە بەخۆی و قوڵكردنەوەی ئەو بێ هودەییەی قەیرانەكان بەرامبەر ئێستاو ئایندەی خۆی بۆی دروست كردووە.

ب- قوڵكردنەوەی ململانێ حیزبی و دابەشبوونە نێو خۆییەكان.

لە ڕاستیشدا دوای خوا و پێشمەرگە ئەوەی هەرێمی لە وێرانی و بەموسڵبوونی شارەكانی پاراست، هێزی ئاسمانی ئەمەریكاو قەناعەتپێكردنی خۆرئاوا بوو بە دەستێوەردان. دەنا لەبەردەم شۆكی سەرەتادا بەرگریكردن لەشارەكان ئاسان نەبوو.

ئەم فلیمەو بەچاودادانەوەی دەیانجاری ئێرانیەكانیش بۆ یارمەتیدانەكەیان، بۆ ئاستی زەلیل كردن، پێمان دەڵێت، هەموو پێویستیەكمان بە وڵاتانی دراوسێ و چاوبەرەو ژێر بوونیان و یەكتر سوككردنمان لەناوەوە، باجی قورسی بەدواوەیە.

ئەوەی ئێمەشی بێ هەیبەت كردووە، دۆخی دابەشبوون و ناكۆكی نێو خۆیی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و لەسەرپێ خۆنەوەستانی ئابوری و نەبوونی ستراتیژی نیشتمانیی هاوبەشە.

ئەبوبەكر كاروانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا