ئێستا هەڵپەڕە و سەما بكە!

ئەم بابەتە 131 جار بینراوە

لە یەكێك لە بۆنە كۆمەڵایەتییە خۆشەكاندا، كە هەستی شادی و دڵخۆشیت پێدەبەخشێت و رۆحت دەكاتە باڵندەیەك و بە ئاسمانی ئەو هۆڵەدا كە لەگەڵ ناسیاوەكانتدا تێیدا كۆبوویتەتەوە دەتفڕێنێت، تێبینی ئەوە دەكەیت كە ژنێك هەوڵی قاییلكردنی هاوڕێیەكی تر دەدات دەستی رادەكێشێت تاوەكو لەگەڵیدا هەڵپەڕێ و سەما بكات، ئەویش بە هەموو هێزی رەتی دەكاتەوە و ئامادە نییە بەشداری بكات.

كاتێك پرسیاری ئەوەمان كرد كە هۆكاری ئەو رەتكردنەوەی چییە، تەنیا یەك بەهانەی هەبوو، ئێستا گەورە بووە و چۆتە تەمەنەوە و لە بەرامبەر ئەوانیتردا شەرم دەكات، هەرچەند لەوانەیە كە جوانترین هەڵپەڕكێ و سەما دەكات.

ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێش ئەمەیە، ئایا پەشیمان دەبینەوە لەو ئیشانەی كە ئاواتمان پێ دەخواست و دەمانتوانی بیكەن، بەڵام لەبەر هەندێك ئیعتبارات نەمان دەكرد، دواتر بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو ئیعتباراتانە هیچ بەهایەكیان نەبووە.

هاوڕێی خوێنەرم! بۆ دەبێ تەمەن بكەیتە كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم ئەو ساتە خۆشانەی كە دەتوانی بە خۆشی و شادی بەسەری بەریت، تەنانەت ئەگەر پێت وابووە ئەوە كارێكی گەمژانەیە. بڕوا بكە كاتێك دەچیتە تەمەنەوە، تەمەنات دەكرد ئەوكات ئەوەت بكردبایە، چونكە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتییەكاندا ناكۆك نییە.

كێشەی هەندێ كەس لەوەدایە كە بایەخێكی زیاد لە پێویست بە بۆچوونی ئەوانیتر دەدات، ئەمەش وای لێ دەكات كە بەردەوام هەست بكات كە لەژێر چاودێرییدایە و ترسی لە قسە و قسەڵۆكی ئەوانیترە، بەردەوام بیری لای ئەوەیە، دەبێ خەڵكی چیم پێ بڵێن، هەزار لێكدانەوە بۆ ئەو قسەیە دەكات، هەرچەند ئەوانەی كە ئەم لە زمانیان دەترسێت، ئەوەی حەز و ئارەزوویان لێی هەیە دەیكەن، گوێ بە رای هیچ كەسێك نادەن. ساتە خۆش و بەچێژەكان، شتێك نییە لە سوپەرماركێتەكان بیكڕیت، بەڵكو رۆحی خۆت بەرهەمی دەهێنێت و بە بڕوا و قەناعەتت داپۆشراوە و خۆشت لە رەوتی ژیانتدا بەكاری دەهێنیت.

كەس خۆشیت ناداتێ ئەگەر خۆت بۆ خۆتی بەرهەم نەهێنیت. «بەسە گەورە بوویت» تەعبیرێكە خۆزگە لە پرۆتۆكۆلی كۆمەڵگە دەسڕایەوە، چونكە زیندە بە چاڵت دەكات كاتێك شەست ساڵ تەواو دەكەیت، ناچارت دەكات خۆت لەناو ئەو زیندوانەدا ببینیتەوە كە لە پەراوێزی ژیاندان، لە چێژ وەرگرتن لە خۆشییەكانی ژیان بێبەشت دەكات، لە ناختدا تەمەننا دەكەیت بیكەیت، بەڵام ئەو گوزارشتە ناچارت دەكات لە شوێن خۆت بوەستیت.

چێژ لە ژیانی جوانی خۆت ببینە گوێ بەوە مەدە تەمەنت چەندە، بەشداری ماراسۆن بكە، پڕۆژەی نوێ بكە، لەگەڵ هاوڕێكانتدا هەڵپەڕكێ و سەما بكە، سەفەر بكە، ئارەزووەكانت بەدیبێنە، تەنیا كاتێك دەرك بەوە دەكەین كە ژیان دیاری سەركەوتنمان پێشكەش ناكات، كە دەتوانین بە جوانی و لێهاتووییەوە سەما و هەڵپەڕكێی لەگەڵ بكەین. با هەموومان پێكەوە هەڵپەڕین و سەما بكەین.

فەیسەڵ عەلی

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک