فانتازیای سیاسی

فانتازیا؛ دەستەواژەیەكە، لە ئەدەب و هونەردا زۆر بەكار دەهێنرێت، بە واتای بۆچوونی ناباو و خەیاڵاوی و دوور لە واقیعی ژیان. پشت بە شتی نامۆ و كەسایەتیی لەڕادەبەدەر بەتوانا و جادوویی و كارەكتەری ناواقیعی دەبەستن.

زۆر جار رووداوەكان و كەسانی ناو رۆمان و چیرۆكەكان، لەناو فەزایەكی وەهمیی خەیاڵاویدا دەسووڕێنەوە. لە كولتووری كوردیشدا لەو جۆرە چیرۆكە خەیاڵاوییانە زۆرن؛ پیاوە ئازاكان كە بەگژ ئەژدیها و ماری حەوت سەر و دێوودرنج و جادووگەرەكاندا دەچنەوە و سەردەكەون بەسەریاندا، یان حەوت شەو و حەوت رۆژ بە بێ خەوتن و خواردن هەر شەڕی كردووە. لە ئەدەبیات و میتۆلۆجیای سەردەمی ناوین، سەدان چیرۆك و كەسایەتی لەو جۆرە هەن، لەئێستاشدا بە سەدان كارەكتەر و فیلم و ئەنیمەیشنی لەو جۆرە فانتازیاییانە هەن و باون لە ئەدەبیات و هونەرەكاندا. ئەو خەیاڵاتانە، لە بوارەكانی ئەدەب و هونەردا، دەكەونە نێو خانەی داهێنانەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو جۆرە فەنتازیایە رێگەی هەڵە كرد و رۆیشت و جێگیر بوو لە زهن و ئاوەزی كەسانی سیاسی و دەسەڵاتداردا؛ ئەوا توانا و وزەیەكی لەڕادەبەدەری لە وەهم و خەیاڵ لا دروست دەبێ، وا هەست دەكات بە تواناكانی خۆی چارۆگەی كەشتییەكەی دەگۆڕێ نەك وزەی با، خۆی لێ دەبێتە پاڵەوانی داستانەكان.

ئەو جۆرە سیاسییانەی كە فەنتازیا لە هزریاندا جێگیر بووە، وا هەست دەكەن تەنها تواناكانی خۆیان دەیانگەیەنێتە ئامانج و مەرامەكانیان، دووردەكەونەوە لە واقیعیبوون، وردە وردە خەیاڵ و وەهمەكانیان لا دەبێتە واقیع و باوەڕیان پێ دەكەن و گوێ بۆ هیچ كەسێ ناگرن ئەگەر رای جیاوازی هەبێ، ئەو كەسانە دەخەنە بەرەی دوژمن و دژ بە خواست و مەرامەكانیان، هەر ورتەیەكیش بە دژایەتی و پیلان لەقەڵەم دەدەن، هەر بۆیە پشت بە كەسانی تر نابەستن و پەنا دەبەنە بەر ئەستێرەناسان و فاڵچییەكان بۆ ئەوەی چارەنووسیان پێ بڵێن.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دروستبوونی ئەو جۆرە فانتازیایە، پیاهەڵدانی بەردەوام و پەروەردەی نائاسایی و ناڕاستە كە ئەو كەسایەتییانە پایەی تایبەتییان هەیە و لە خواوەندەوە بۆیان دەستنیشان كراوە، هەندێ جاریش دەگەڕێتەوە بۆ ناواقیعیی ئەو كەسایەتییە و هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ناوی لە مێژوودا تۆمار بكرێ وەك یەكێك لە پیاوە دەگمەنەكانی سەردەمەكەی.

فانتازیای سیاسی، وا لە كەسە سیاسییەكە دەكات خۆی لە هەموو كەس بەڕاستتر بزانێ، وەهمەكانی ئەوەندە قەبەن، بیركردنەوەی واقیعیانە لەدەستدەدات، ئەگەر مەرامەكانیشی نەهاتنەدی؛ ئەوا هۆیەكان دەخاتە پاڵ كەسانی تر و رووداوەكانی دژ بەو. نموونەشمان زۆرە، هەم لە ئێستای خۆماندا و هەم لە سەردەمە جیاوازەكان و وڵاتانی دنیا. هەر كەسێ واقیع نەبینێ و هەڵسەنگاندنی راستی بۆی نەبێ، ئەوا رۆژێك دێت كەسانێكی واقیعیی بەئاگای بهێنێتەوە و پێی بڵێ تۆ ئەو كەسە ئازایە نەبوویت و تەنها وەهمێك بوویت و لە قەڵای هەڵۆكانەوە دایدەبەزێنن بۆ ناو قەفەزی باڵندە ماڵییەكان.

نەرمین عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا