ڕاتەكاندن و ڕەتكردنەوە

بەرماڵ ئامڕازێكی سیمبولیكی مرۆڤی ئیماندارە، سەدان ساڵە كەرەستە و پێداویستی ڕێزی نوێژخوێنانە لە حزوری خالقدا، هەرچەند بەكارهێنانی ئەم پارچە قوماشە داهێنراوێكە بۆ ڕەخساندنی كەش و ژینگەیەكی لەبارتر بۆ پەرستش، بەڵام لەهەمانكاتدا مەغزای قوڵتر دەدات بەدەستەوە، له دیارترینیان ڕێزگرتنە لە سنوری خود كە تا پانتایی سوجدە بردنێكی تەواو درێژ دەبێتەوە.

مێژووی بەكارهێنانی بەرماڵ كە بە عەرەبی پێی دەوترێ “سجادە صلاە” دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام “د.خ”، دەوترێ زۆركات پێغەمبەر لەكاتی نوێژكردندا پارچەیەك حەسیری بەكارهێناوە بۆ نوێژكردن، تەنانەت له زمانی عائیشە خێزانی پێغەمبەرەوە هاتووە؛ كە پێغەمبەری ئیسلام بەرماڵێكی تایبەتی هەبووە لەماڵەوە و لەكاتی نوێژكردندا ڕایخستووە. بەڵام بەكارهێنانی بەرماڵ مەرجی خۆی هەیەو دەبێت موسڵمان پەیڕەوی لێ بكات، نابێت زەخرەفە و وێنەی سەرنجبەری تێدابێ كە ئیشكالییەت بۆ پەیوەندی نوێژخوێن بە خودای خۆیەوە دروستبكات.

ئەگەر سەدان ساڵ بێ بەرماڵ خەسڵەتێكی دیاری فەریزەی نوێژ و نوژخوێنان بێ و، لە ئەدەبیاتی دینیدا پێگە و حزورێكی ڕۆحی هەبێ، ئەوا ئەمڕۆ وەزیفەكەی (ئەگەر بۆ چرەساتێكیش بێ) تاڕادەیەكی زۆر گۆڕا، چونكە وەك دەزانین هەمیشە بەرماڵ نەرم و ئارام مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ، هێمن ڕادەخرێ و لەسەرخۆ كۆدەكرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕێگەی ڕاتەكاندنێكی توندەوە پەیامگەلێكی جیاوازتری دا، جیاواز لە نوێژ، ڕۆڵێكی دیكەی گێڕا.

ئەو نوێژخوێنە لەڕێگەی ئەو بەرماڵەوە پێی وتین؛ چۆن بەرماڵ كەرەستە و ئامڕازێكە بۆ پەرستش، لەهەمانكاتدا مینبەری وتاردانیش ئامڕازێكە بۆ هەمان مەبەست، پێی وتین؛ تێكەڵكردنی پەیامی خودا و خواست و ویستە شەخسی و حیزبییەكان لادانە لە جەوهەری دین، توند ڕاتەكاندنی بەرماڵی دەستی گوزارشت بو لە ڕەتكردنەوەی ئەو مەیلە دزێوەی سێ دەیەیە تەواوی كایەكانی كۆمەڵگە بە حیزبی و شەخسی دەكات.

بەرماڵی دەستی ئەم گەنجە بوە ڕۆژەڤ، تەنانەت لە سۆشیال میدیادا نرخی لەسەر دادەنرێ، ئەوەش بەرجەستەكاری توڕەیی خەڵكە لەو سیستمەی ٣٠ْ ساڵە نایەڵێ كایەكانی كۆمەڵگە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن، توڕەییە لەو بەناو مەلاو مامۆستاو پزیشك و ئەندازیار و چین توێژانەی تر، كە خۆراكپێدەری دەسەڵاتدارانن.

هەڵمەت عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا