ئەوەی‌ ئەنوەر سادات نەیكرد محەممەدی‌ شێخ زاید دەیكات؟

كاتێك لەبەهاری‌ ساڵی‌ 1979دا ئەنوەر ساداتی‌ سەرۆكی‌ ئەو كاتەی‌ میسر، رێككەوتننامەی‌ ئاشتی‌ لەگەڵ ئیسرائیل واژۆكرد، هەموو جیهانی‌ عەرەبی‌‌و ئیسلامی‌ لێ وروژا، نەفرەتی‌ لێكرا و ماوەی‌ دوو ساڵ‌و نیوی‌ تەمەنی‌ دوای‌ رێككەوتننامەكە وەكو سەرۆكێكی‌ تاوانبار و عەرەبێكی‌ نامۆ سەیردەكرا، تا كار گەیشتە ئەوەی‌ لەپایزی‌ 1981 لەلایەن خالید ئیسلامبۆلییەوە تیرۆركرا.

زەمەن تێپەڕی‌‌و دەوران گۆڕا، لەساڵی‌ 1993 فەلەستینییەكانیش دوای‌ شەش ساڵ لە شەڕەبەرد لەگەڵ ئیسرائیلییەكاندا، سەرەنجام رێككەوتننامەی ئۆسلۆ-یان لەگەڵدا واژۆكردن‌و دانیان بە دەوڵەتی‌ جولەكەدا نا. لەبەر رۆشنایی‌ كاریگەریی‌‌و لێكەوتەكانی‌ ئەم رێككەوتننامەیە، ساڵی‌ 1994 ئوردنیش لەگەڵ ئیسرائیلییەكان رێككەوت.

لەو كاتە بەدواوە تا ئەمساڵ كە دەكاتە 26 ساڵ، هیچ وڵاتێكی‌ عەرەبی‌ بەفەرمی‌ دانی‌ بەئیسرائیلدا نەناوە، تا 13ی‌ ئەم مانگە، كاتێك ئیماراتیش چووەڕیزەوەو بوو بەسێهەم وڵاتی‌ عەرەبی‌ كە دانی‌ پێدابنێت‌و بەسەرپەرشتی‌ ئەمریكا رێككەوتننامەیەكی‌ هەمەلایەنەیان پەسەندكرد.

چارەكە سەدەیەك ماوەیەكی‌ زۆرە بۆ وتنەوەو دووبارەكردنەوەی‌ درووشمە سواوەكانی‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌‌و ئیسلامی‌، بەوەی‌: “ئیسرائیل بەرەو نەمان دەچێت‌و هەر دەبێت بڕووخێت.. مەحاڵە هیچ وڵاتێكی‌ تری‌ عەرەبی‌‌و ئیسلامی‌ دانی‌ پێدابنێن.. ئەوەی‌ ئەو كارە بكات ناپاكی‌ لە دۆزی‌ فەلەستین‌و وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ دەكات”، هەربۆیە چەندین وڵاتی‌ تری‌ عەرەبی‌ سەرباری‌ بوونی‌ پەیوەندی‌ جۆراوجۆری‌ بازرگانی‌‌و ئەمنی‌‌و..هتد، بوێری ئەوەیان نەبوو بەئاشكرا دان بەئیسرائیلدا بنێن، بەڵام ماوەی‌ دوو ساڵ دەبێت دەستەبژێری‌ سیاسی‌ ئیمارات‌و كەسایەتییە دیارەكانیان، لەپێش هەموویانەوە ئەنوەر قەرقاش وەزیری‌ دەوڵەت بۆ كاروباری‌ دەرەوەی‌ ئیمارات، بەئاشكرا هێمایان بۆ گرنگی‌ ئاساییكردنەوەی‌ پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەكرد.

راستە ئێستا دۆخەكە وەكو ساڵی‌ 1979 نییە، جیهان‌و ناوچەكە گۆڕانی‌ گەورەیان بەسەردا هاتووە، وەلێ‌ هێشتا زۆرێك لە وڵاتانی‌ عەرەبی‌‌و رێكخراوە سیاسییە ئیسلامی‌‌و عەرەبییەكان هەمان درووشمی‌ بەسەرچووی‌ ئەو كاتە لەدژی‌ جولەكە دەڵێنەوە كە لەڕاستیدا خۆشیان لەناخیاندا باوەڕیان پێ نەماوە، بەڵام شێخ محەممەدی‌ كوڕی‌ شێخ زایدی‌ ئال نهیان هات و گۆمە 26 ساڵە مەنگەكەی‌ شڵقاند‌و جاڕی‌ ئاشتبوونەوەی‌ دا لەگەڵ ” دوژمنی‌ سەرسەختی‌ عەرەب” كە لەماوەی‌ چەند رۆژی‌ رابردوودا ئەویش هاوشێوەی‌ سادات لەلایەن بەشێك لە عەرەب‌و ئیسلامییەكانەوە سوكایەتی‌ زۆری‌ پێكرا.

جیاوازیی‌ نێوان رەچەشكاندنەكەی‌ سادات-ی‌ میسر‌و شێخ محەممەد-ی‌ ئیمارات زۆر دیارو بەرچاوە، سادات دەستی‌ بۆ ئاشتبوونەوەیەك برد كە لەو كاتەدا حەرام‌و نەكەردەنی‌‌و ناپاكی‌ مەزن بوو ‌و سەرەنجام بەژیانی‌ خۆی‌ كۆتاییهات. دەستپێشخەرییەكەی‌ شێخ محەممەد ئەهوەن ترە، لانیكەم لەلایەن چەند وڵاتێكی‌ عەرەبی‌ وەكو میسر و بەحرێن‌و سوڵتاننشینی‌ عومان‌و ئوردنەوە پشتیوانی‌ لێدەكرێت.

هەنگاوە خۆكوژییەكەی‌ ئەنوەر سادات، بەسوود‌و قازانجێكی‌ زۆر بۆ وڵاتەكەی‌ شكایەوە، بەڵام نەبووەمایەی‌ كۆدەنگییەك بۆ ئاشتبوونەوەی‌ عەرەبەكان لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەو كاتە بەدواوە تەنها میسر‌و ئوردن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی كردەوە ئەویش ساڵانێكی‌ زۆری‌ پێچوو. ئاخۆ جوڵە سیاسییە گەورەكەی‌ شێخ محەممەد ئال نهیان-یش وەكو ئەوەی‌ سادات دەیان ساڵی‌ دەوێت تا چەند وڵاتێكی‌ تری‌ عەرەبی‌ بچنەڕیزی‌ وڵاتانی‌ دۆستی‌ ئیسرائیلەوە یان نەخیر تەنها ماوەیەكی‌ كەمی‌ دەوێت تا بەلێشاو‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌، بەتایبەت وڵاتانی‌ كەنداو، شوین پێی‌ بكەون‌و ئەوانیش یەك لەدوای‌ یەك رێوڕەسم بۆ راگەیاندنی‌ “تەتبیع لەگەڵ ئیسرائیل”دا وەكو خۆیان دەڵێن، سازدەكەن، بەتایبەتی‌ كە ناوەندە ئیسرائیلییەكان باس لەوەدەكەن هەریەك لە بەحرێن‌و عومان‌و سودان‌و چەند وڵاتێكی‌ تری‌ عەرەبیش خۆیان ئامادەكردووە رێگای‌ ئیمارات بگرنەبەر؟

فەریق حەبیب

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا