وەفایەك بۆ نەوال سەعداوی

سەرەڕای هەموو نەهامەتییەكانی سیاسی و ئابووری و سۆزداری، بەڵام نەوەی ئێمەی خوێندەوارانی هەشتاكانی سەدەی بیستەم بەختەوەرتر بووین لە نەوەی ئەمڕۆی تەكنەلۆژیا و سەرلێشێواوی سۆزداری و ئاكاری و بەها جوانەكانی مرۆڤایەتی .

ڕاستە سەرچاوەی زانیارییەكانی ئێمە تەنیاو تەنیا ئەو كتێبانە بوون، كە بە پارەی كرێكاری و موچە كەمەكەی باوكمان دەمانكڕین .

ئێمە لە ڕێگەی وەفایی و نالی و سالم و كوردی و …هتد یەوە وشەكانی خۆشویستنی ژنمان ناسی، لە ڕێگەی گۆران و شێركۆو لەتیف هەڵمەت و دەیانی ترەوە جورئەتی دركاندنی وشەكانی ناخمان و نامە سۆزدارییەكانی خۆشەویستیمان دەدایە كیژانی هەڵبژێراومان .

ئێمە لەڕێگەی ناسرو نەجمەو فەرهاد سەنگاوییەوە شۆڕش‌و كوردایەتیمان هەڵدەبژارد .

ئێمە لەڕێگەی نەوال سەعداوییەوە بە پێكهاتەی جەستەیی ژن و ناخ و بیركردنەوەی ژن ئاشنا بووین، بەر لە نەوال سەعداوی ئێمەش وەك زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردەواری ژنمان بە ناقیسولعەقل و پلە دوو لەقەڵەم دەداو بەكانگای تێركردنی حەزو پاڵنەری غەریزە حەیوانییەكان لە ژنمان دەڕوانی.

ئێمە لە ڕێگەی بیری جوان و زانستییانەی نەوال سەعداوییەوە جۆرە ژنێكمان خۆشویستووە، كە هەرگیز لە ژنانی ئەمڕۆی بۆتۆكس و فیللەر و گەورەكردنی سمت و سنگی ئەم ڕۆژگارە دوور لە جوانییە ناچن .

ژن لای نەوال سەعداوی بناغەی بوونی ژیانە (الانثي هي الاصل)، ژن پێوەری جوانی و ناشیرینی هەڵسوكەوتەكانی پیاوە، ژن سیحری وجودی بونی خوایە، ژن ڕەنگەكانی تابلۆی نیگاركێشێكی سەركەوتووە، ژن شینایی ئاسمان و گەرمی خۆری ژیانەوەی دارو درەخت و هاتنەوەی بەهاری ژیانە .

ژن فیشەك‌و چەكی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشگێڕانی دونیایە بۆ كۆتایی هاتنی چەوساندنەوەو گەیشتن بە ئازادیی .

شەرەف لای نەوال سەعداوی ئەمانەتی كارو دڵسۆزییە، نەك بەشی خوارەوەی ژنێك، غیرەت لای نەوال سەعداوی باوەشی ئاشتكردنەوەی ژنێكی دڵشكاوە نەك پەلاماردان‌و لێدانی ژنێك .

سەركەوتن لای نەوال سەعداوی خۆشەویستیەكی ڕوحی ژنێكە، نەك وتنەوەی حەدیسێكی دژە ژن .

شیعر لای نەوال سەعداوی پرچی پەخشان و لێوی ئەستورو باوەشێكی بێ‌ سۆزی سینەمایی نییە، هەستێكی وەكیەكی و یەكسانی و دادپەروەرانەی كاتەكانی ژوانی یەك لەئامێزگرتنی ژن و پیاوێكە .

گۆرانی لای نەوال سەعداوی شیوەنی پێكنەگەیشتن و ماڵاوایی و جودایی نییە، گۆرانی دوو كۆتری نێو هێلانەیەكی بەردەوامی ژیانێكە .

دڵ لای نەوال سەعداوی پارچە گۆشتێكی تورومپا ئاسا نییە، بەڵكو ڕووبارێكە لەسۆزی (ئێمە گیانێكین لە دوو جەستەدا).

قوربانی لای نەوال سەعداوی خوێنی دڵی نالی نییە بۆ خوناوكردنی دەستی حەبیبە، بەڵكو لێبوردنی ژن و پیاوێكە لەساتەكانی هەڵچوون و دڵشكاندنی یەكتری .

مەخابن هەواڵی  ڕۆژی ماڵاوایی و كۆچی یەكجارەكی  نەوال سەعداوی چەن سەد لایكێكی تێنەپەڕاند، بەڵام گۆرانییەكی سەخیفی دژە ژنێك، كە دوێنێ‌ بڵاوبووەوەو هەرچی ناشیرینە بە ژنی كردووەو لە مەلهایەكی فرۆشتنی پارچەكانی جەستەی ژناندا نمایش كرا زیاتر لە ملیۆنێك لایكی وەرگرتووە .

درود بۆ ڕوحی پاك و بێگەردی نەوال سەعداوی و هیوایەك بۆ داخستنی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان .

 

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا