‎یەكێتی لە كوێی رووداوەكاندایە؟

‎زانستی سیاسەت پێمان دەڵێت بۆ ئەوەی پارتێكی سیاسی هەڵبسەنگێنین، پێویستە دیراسەی ئاستی كارلێكی لەگەڵ رووداوەكاندا بكەین، چونكە گەورەبوون و مانەوەی پارتەكان دواجار لەو كارلێكەوە دێتەدی، مادام دەنگ و سەدای رای گشتی لە دەوری رووداوەكان كۆدەبێتەوە، كەواتە  حزبیش دەبێت بەهەمان شێوە  سەوداسەری رووداوەكان بكات و لە هەموو دیمەنێكیدا دەنگ و سەنگ و رەنگی بیستراو بێت.

‎هەرێم و دیفاكتۆی باشوور وەك هەر بەشێكی تری ئەم ناوچەیە، لەناو رووداوی گرنگدا دەژی، سیاسەت، ئابووری، كۆمەڵایەتی و ئایینی رۆژانە وەك كارخانە رووداو بەرهەم دێنن، سروشتی ئەم رووداوانە دەبنە كەرەستەی ململانێی سیاسی و جەنگی دەروونی، هێزی پۆپۆلیستی لە رێگەی دنەدان و فووتێكردنەوە ئاست و ئاراستەی رووداوەكان بۆ شكاندن بەكاردێنن، لەمەدا هێزی پێشڕەو كە بە ستراتیژێكی نیشتمانییەوە دێتە ناو رووداوەكان، تەنها  چارەسەر گۆڕینی ئاراستەكەیەتی.

‎لەم پێشەكییەوە ئەوەی مەبەستمە هەڵسەنگاندنی پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لەناو رووداوەكان، كە ئایا یەكێتی بەكام ستراتیژ و تێز بۆ چارەسەرەكان دەگەڕێت؟

‎كام دیسپلین و ناوەندێتی بڕیار بۆ چارەسەر هەڵدەبژێرێت؟ دەسەڵاتی مامەڵە و جێبەجێكردن و چاودێریی دەكەوێتە ئەستۆی كێ؟

‎چۆن دەتوانێ‌ ئاڵنگاریی بەردەم رووداوەكان تێپەڕێنێ‌ و مەترسی و خاڵی لاواز بكاتە نوقتەی هێز؟ ئەمانە  چەند پرسیارێكن دەستخستنی وەڵامەكانیان ئەستەم نییە، بەتایبەت كە یەكێتی لە ماوەی رابردوودا بۆ كۆی رووداوە هەمەجۆرەكان هەڵوێستی كردەیی نواندووە.

‎سروشتی رووداوەكانی هەرێم، ئاڵۆزكاون و بكەر و كارەكتەری زۆری لەناودایە، هەندێكیان دەرەنجامی دۆخی ناوخۆیە، بەشێكی گرێدراوی پرسی هەرێمییە، زۆریش لەمانە رەنگدانەوەی بارگرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدان، هەریەك لەم رووداوانە، جۆرێك سیاسەت و تێزی پێویستە و بە یەك نەفەس چارەسەر قبووڵناكەن، كەواتە ئەركی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەندە ئاسان نییە، كە بەتاقی تەنیا وەڵامی بۆ تەواوی كێشە و داواكارییەكان هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ئەستەمیەشدا لەبەرئەوەی یەكێتی دەوڵەمەندە بە عورف و فەرهەنگی مام جەلال لە كارلێكی لەگەڵ رووداوەكان، بۆ زۆر پرس و پێشهات بەتەنیا شانی داوەتە بەر ئەركەكان و روئیای خۆی كردۆتە رێنما بۆ چارەسەرەكان، كەوابێت كوردستان بەهەموو كێشە و گرفتەكانییەوە، بەبێ یەكێتی، بەبێ تێڕوانین و دیدگاكانی، بەبێ ئەزموون و پاشخانی سیاسی ئەم هێزە، بەرەو ئاراستەیەكی مەترسیدار دەڕوات، باشە ئەگەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبوایە، دەمێك بوو ئاراستەی رووداوەكان و بڕیاری چەوتی هێزەكانی تر قەوارەی دەستووریی هەرێم و ئەزموونەكەیان لەباردەبرد، ئەمە بانگەشەیەكی تیۆریی یەكێتییەكان نییە بۆ هەڵسەنگاندنی پارتەكەیان لەبەرامبەر رووداوەكاندا، بەڵكو بەرهەمی ئەزموونی پێشتری كارلێكی یەكێتیانەیە لەگەڵ رووداوەكان.

‎رووداوەكان زۆر و فرە جۆرن، بەشێكیان خۆڕسكن و هەندێكیش دروستكراو، بۆ رووداوە خۆڕسكەكان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام لە ئامادەگیدایە و بێ چارەسەركردن لە كارلێك نایەتەدەر، وەك چۆن بۆ رووداوە فەیك و سازكراوەكانیش بوێرانە رەفتار دەكات و بە بەڵگە دەیسەلمێنێ‌، چەندە لە خوڵقاندنی ئەجێندا و سیناریۆی ساختەدا یەكێتی بە ئامانج بگیرێ، بە لۆژیك وەڵام دەدرێنەوە و لە سیحری خۆیان بەتاڵ دەكرێنەوە.

رەنگین عەبدوڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا